بەهۆی هاتنی سوپای تورکیا YPG لە ئامادەباشیدایە

بەهۆی هاتنی سوپای تورکیا YPG لە ئامادەباشیدایە
شەوی رابردوو ژمارەیەکی بەرچاوی هێزەکانی سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد لە چواردەورەی شاری کۆبانی رۆژئاوای کوردستان بیندراون.

رۆژ ئەحمەد، نێردراوی (رووداو) لە کۆبانی لەو بارەوە پێی راگەیاندین \"دوێنێ شەو، چەکدارانی سوپای سووریای ئازاد بە چەکی قورسەوە هاتوونەتە ناو ناوچەکەوە کە پێشتر چەکی بەو شێوەیان پێ نەبووە\"" و راشیگەیاند \""4 ئۆتۆمبێلی سەربازی تورکیا به هاوکاری لەگەڵ 11 زیلی سوپای سووریای ئازاد لە دەورووبەری کۆبانی سووڕانەوە و دواتر بەرەو جەرابلۆس رۆیشتن\"".

نێردراوی (رووداو) لە کۆبانی گوتیشی \""لەو بارەوە یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG لە کۆبانی پەیوەندییان به بەرپرسانی سوپای سووریای ئازاد گرت و سوپای سووریای ئازاد هێزەکانی YPGی دڵنیاکردەوە کە ئەو هێزەی سوپای تورکیا تەنها بۆ مەزارگەی سلێمان شا هاتوون\"".

سلێمان شا باپیری عوسمان گازی، دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆری عوسمانییە و لە ساڵی 1086 لە رووباری فورات خنکاوە.

دواتر لەشوێنی ناشتنەکەی لە نزیک جەرابلۆس، مەزراگەیەکی بۆ دروست کراوە و تا ئێستاش ئەو مەزراگەیە بۆ تورکیا پیرۆزی خۆی هەیە.

حکومەتی تورکیا شوێنی مەزارگەکە بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و بۆ پارێزگاری کردن لەو مەزارگەیە و بەپێی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سووریا، کۆمەڵێک سەربازی تورکیای لەو شوێنە بە بەردەوامی هەیە.

ئاژانسەکانی هەواڵ ئاماژە به هاتنی 150 سەربازی سوپای تورکیا و پڕ چەککردنی سوپای سووریای ئازاد لە لایەن ئەنقەرەوە دەکەن.

رۆژ ئەحمەد لەو بارەوە دەڵێ \""هێزەکانی سوپای سووریای ئازاد کۆمەڵێک چەکی قورس و نوێیان بەدەست گەیشووتە کە پێشتر پێیان نەبیندراوە. یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG لە کۆبانی لە ئامادەباشی تەواودان و رێگە نادەن هیچ هێزێک بێتە ناو کۆبانی\"".

ئاژانسی فورات نیوزی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK لەو بارەوە رایگەیاند \""سوپای تورکیا به نزیکەی 20 زرێپۆش و به پشتگیری هەلیکۆپتەر لەنێوان کۆبانی و قامشلۆ لەسەر رووباری فورات دەربازی جەرابلۆس بوون\"".

هەرچەند هاتنی سەربازانی تورکیا بۆ ئەو ناوچەیە بەپێی رێککەوتنی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق ئاسایی و رێگەپێداروە، بەڵام وەک شایەتحاڵان دەڵێن هێنانی سەربازی پاراستنی مەزارگەی شا سلێمان به پاڵپشتی تانک و زرێپۆش و کۆپتەرەوە شتێکی نامۆیە.

زۆرینەی دانیشتووانی جەرابلۆس عەرەبن و ئێستا ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای سوریای ئازادە.
ڕووداو"
Top