تاران، كوشتنی 3 لە ڕفێنراوەكانی ڕەت دەكاتەوە

تاران، كوشتنی 3 لە ڕفێنراوەكانی ڕەت دەكاتەوە
بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند كە تەواوی دەستبەسەركراوەكانی، ئەوانەی كە هەفتەی ڕابردوو لە لایەن سوپای ئازادی سووریاوە ڕفێنراون، زیندوون و پێچەوانەی ئەو ڕاگەیەندراوەیە كە وەهای بڵاو كردەوە گوایە بە هۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی سووریاوە 3 لە ڕفێنراوەكان كوژراون.
ئاژانسی هەواڵی \"فارس\""، لە زاری سەرۆكی نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، موجتەبا فیردەوسپوور\""ـەوە گواستوویەتییەوە \""بەپێی زانیارییەكانمان كە لە رێی پێوەندییەكانمانەوە بە دەست هێنراون، لەبارەی چارەنووسی زیارەتكارە ڕفێنراوەكانمان، ئاماژە دەدەن كە هەموویان زیندوون و هیچیان شەهید نەبوون و تەندروستییان باشە.\""
فیردەوسپوور، گوتیشی كە ڕاپۆرتەكان لەو بارەوە ناڕاستن.
چەكدارانی سوپای ئازادی سووریا كە 17 مانگە لە دژی ئەسەد ڕاپەڕیون، 4ـی ئۆگۆست – ئاب، لە دیمەشقی پایتەختی سووریا دەستی بەسەر پاسێكی نەفرهەڵگردا گرت كە 48 ئێرانیی تێدا بوون، لە نێویاندا ئەندامانی سوپای پاسدارانیش هەن. تارانی هاوپەیمانی بەشار ئەسەدیش دەڵێت كە ئەوان زیارەتكار بوون و زیارەتی شوێنە پیرۆزەكانی شیعەیان كردووە.
دووشەممەی ڕابردوویش گوتەبێژێك بە ناوی چەكدارارنی سووریاوە ڕایگەیاند كە 3 لە ئێرانییە ڕفێنراوەكان بە هۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی حكوومەتەوە كوژراون و ئەگەر هێرشەكانیش نەوەستێندرێن، ئەوا ئەوانی دیكەیش دەکوژرێن.
وەزیری دەرەوەی ئێران، عەلی ئەكبەرساڵحی، دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند كە هەندێكی ڕفێنراوەكان ئەندامانی خانەنشینكراوی پاسەوانی كۆماری و سوپان، ئەوان لە ڕێگەیاندا بوون بۆ مەزارگەكانی شیعە لە دیمەشق. ئەكبەرساڵحی ڕەتیشی كردەوە كە ئەوان ئێستا لە خزمەتی سەربازیدا بووبن.
بە بڕوای ئۆپۆزسیۆنی سووریایش ئێران ئەوانی بۆ هاوكاریكردنی سوپای سووریا ناردووە تاكو ڕاپەڕین كپ بكەنەوە.
سەرباری ئەوەی كە ئێران دەستتێوەردانی دەرەكی لە لایەنی هەرێمییەوە نموونەی توركیا و قەتەر، لە ڕەوشی سووریا سەركۆنە كردووە، ئێران ئێستا داوای هاوكاری لەو دوو وڵاتە كردووە تاكو پێوەندییەكانیان بۆ ئازادكردنی ڕفێنراوەكانی ئەو وڵاتە بخەنە گەڕ.
Reuters"
Top