ئەمریكا: لەناو بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران سیخوڕمان هەیە

ئەمریكا: لەناو بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران سیخوڕمان هەیە
ئیسڕائیل وادەی هێرش خستنە سەر ئێران دەدات و ئەمریكاش دڵنیای دەكاتەوە كە سیخوڕیان هەیە لەناو دامەزراوە ئەتۆمیەكان.

دوای چەند كاژێرێك لە بڵاوبوونەوەی راپۆرتێكی رۆژنامەوانی ئیسڕائیل لەسەر ئەگەری هێرشی وڵاتەكەیان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمیەكانی ئێران، ئەمریكا بۆ ئەوەی ترسی ئیسڕائیل بڕەوێنێتەوە و لە قەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران كەم بكاتەوە، رایگەیان ئەو دامەزراوە ئەتۆمیانە لەژێر چاودێری خۆمانە و ئاگاداری هەموو هەنگاوەكانین، چونكە لەوێ سیخوڕمان هەیە و دەزانین گەشتووەتە چ قۆناغێك.

راگەیەندراوەكەی كۆشكی سپی بەشێكە لە پڕوپاگەندەكانی هەڵبژاردنی ئەمریكا كە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو دەكرێ، ئەمەش دووای ئەوەی لەلایەن ركابەرەكەی سەرۆك ئۆباما تۆمەتبار كرابوو كە نایەوێ هیچ یارمەتییەكی ئیسڕائیل بدات، تەنانەت لەماوەی چوار ساڵی سەرۆكایەتی، جارێكیش سەردانی ئیسڕائیلی نەكردوە.

رۆژنامەی یەدیعون ئەحرنوت، پڕفرۆشترین رۆژنامەی ئیسڕائیل، لە ژمارەی دوێنێدا بڵاوی كردەوە كە شەڕی دژ بە ئێران نزیكبووەتەوەو سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل و وەزیری بەرگری دەیانەوێ هێرشێك بكەنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكەی ئێران پێش هەڵبژاردنی ئەمریكا، بەڵام تاوەكو ئێستا پشگیری تەواویان نەكراوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانیانەوە.

جای كارنی، گوتەبێژی كۆشكی سپی، لەوەڵامێكی خێرای ئەو راپۆرتەی رۆژنامەی بەدیعون ئەحرنوت، دوێنێ شەو راۆگەیاند \"لەناو بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران سیخوڕمان هەیە و دەتوانین بزانین ئایا ئێران دەتوانێ موشەكی ناوەكی بەرهەم بهێنێ یان نا\"".



ڕووداو"
Top