مەترسی هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ لە لوبنان لە ئارادایە

 مەترسی هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ لە لوبنان لە ئارادایە
21ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- ئەگەر تاوەكو ئێستا شەڕی سووریا تەنیا كاریگەری لە سەر ڕەوشی ناوخۆی ئەو وڵاتە هەبووبێت، ئەوا ڕۆژی هەینی ڕابردوو كاریگەریی ئەو شەڕە گەییشتە یەكێك لە هەستیارترین وڵاتانی ناوچەكە كە لوبنانە.

تیرۆركردنی بەرپرسێكی باڵای ئاساییشی لوبنان و چەند كەسێكی دیكە لە ڕێی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراوەوە بووەتە هۆی تووڕەبوونی دانیشتووانی لوبنان و مەترسی ئەوەیش هەیە شەڕی ناوخۆ جارێكی دیكە لەو وڵاتەدا هەڵگیرسێتەوە.

هاووڵاتیان ڕێگە سەرەكییەكان كۆنترۆڵ دەكەن
دوێنێ هەزاران كەس ڕژانە سەر شەقامەكانی شارە گەورەكانی \"لوبنان\"" و ڕێگە سەرەكییەكانیان كۆنترۆڵ كرد و چەندین تایەیان سووتاند.

كابینەی حكوومەتیش بۆ مەبەستی كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە كۆبووەوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن داوای لە سەرۆكوەزیران (نەجیب میقاتی) كرد واز لە پۆستەكەی بهێنێت.

هاووڵاتیانیش هەست بە نیگەرانییەكی زۆر دەكەن و ترسی ئەوەیان هەیە جارێكی دیكە شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەكەیاندا هەڵگیرسێتەوە.

تیرۆركردنی (ویسام حەسەن) و تۆمەتباركردنی سووریا
تەقینەوەكەی ڕۆژی هەینی لە ناوچەی مەسیحینشینی شاری \""بەیروت\""ـی پایتەخت ڕوویدا و بەهۆیەوەیش بەرپرسی یەكەی هەواڵگریی هێزی ئاساییشی ناوخۆی لوبنان ژەنەراڵ (ویسام حەسەن) و 8 كەسی دیكە كوژران و زیاتر لە 110 كەسی دیكەیش بریندار بوون.

توێژەرەوان لەو باوەڕەدان كوشتنی ئەم كەسە پەیوەندی بە ڕووداوەكانی ناو سووریاوە هەیە، ئەوەیش بەهۆی ئەو ڕۆڵە گرنگەی ناوبراو لە بواری ئاساییشی لوبناندا گێڕاویەتی.

(ویسام حەسەن) لە هاوینی ڕابردوودا سەرپەرشتی پرۆسەی لێكۆڵینەوەیەكی كرد كە دەرئەنجامەكەی دەستگیركردنی وەزیری هەواڵگری پێشووی وڵات (میشیل سەماحە) بوو. (سەماحە) یەكێك بوو لە هاوپەیمانە گرنگ و متمانەپێكراوەكانی (بەشار ئەسەد) لە ناو لوبناندا.

(سەماحە) بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە لە هەوڵی ئەنجامدانی چەندین تەقینەوە و كارێكی توندوتیژی و كوشتندا ڕۆڵی هەبووە و تەواوی ئەم هەوڵانەیش بە ویست و داواكاریی بەرپرسانی سووریا بوون.

(ویسام حەسەن) ڕۆڵێكی سەرەكیشی لە پرۆسەی لێكۆڵینەوە لە پرسی تیرۆركردنی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری لوبنان (ڕەفیق حەریری)ـدا گێڕا.

دادگایەكی نەتەوەیەكگرتووەكان 4 ئەندامی \""حزبوڵڵا\""ـی بە تۆمەتی تیرۆركردنی (حەریری) تۆمەتبار كرد، بەڵام بەرپرسانی ئەو گرووپە چەكدارییە ئامادە نین ئەو 4 كەسە ڕادەستی دادگا بكەن بۆ مەبەستی لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا و ئاماژەیش بەوە دەكەن كە ئەوان هیچ ڕۆڵێكیان لە تیرۆركردنی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری لوبناندا نەبووە.

توێژەرەوانی سیاسی بە گرنگییەوە باس لە ڕۆڵی (ویسام حەسەن) لە تەواوی ئەم لێكۆڵینەوانەدا دەكەن و هەربۆیەیش پێیان وایە كە تیرۆركردنی ناوبراو پلانێكی بەرپرسانی سووریا بووە.

توێژەرەوان هەروەها دەڵێن بەرپرسانی سووریا ماوەی چەندین مانگە لە هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی لوبناندان، چونكە ئەو كارە دەبێتە هۆی ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی واز لە تەنگژەی سووریا بهێنێت و بەو جۆرەیش (ئەسەد) دەتوانێت بارودۆخی وڵاتەكەی كۆنترۆڵ بكاتەوە.

ڕۆڵی سووریا لە ناو لوبناندا
ژمارەیەك لە لایەن و كەسایەتییە سیاسییەكانی ناو لوبنان پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ حكوومەتی سووریادا هەیە. هەربۆیەیش هەر جۆرە بڕیار و سیاسەتێكی دیمەشق كاریگەری لە سەر سیاسەتی ناو لوبنان هەیە.

لایەنە سیاسییە بەشداربووەكانی حكوومەتی ئێستای لوبنان پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ (بەشار ئەسەد)ـدا هەیە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن كە زۆرینەی سوننەیە دژی حكوومەتی سووریایە.

لەوەیش زیاتر شەڕی ناوخۆی سووریا بووەتە هۆی قووڵكردنەوەی جیاوازییە تائیفییەكانی ناو لوبنان. سوننەكان پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆن دەكەن و شیعەكانیش بە سەرۆكایەتیی \""حزبوڵڵا\"" پشتگیری لە (بەشار ئەسەد) دەكەن.

هەربۆیەیش مەترسی ئەوە لەئارادایە كە شەڕی ناوخۆی سووریا ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێكی مەترسیدار و وێرانكەریش لە ناو لوبناندا."
Top