ئۆباما یەکەم گەشت بۆ چەند وڵاتێکی باشووری خۆرھەڵاتی ئاسیا ئەنجامدەدات

ئۆباما یەکەم گەشت بۆ چەند وڵاتێکی باشووری خۆرھەڵاتی ئاسیا ئەنجامدەدات
18ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- دوای ھەڵبژاردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی، باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا یەکەم گەشتی دەرەرکی بۆ چەند وڵاتێکی باشووری خۆرھەڵاتی کیشوەری ئاسیا ئەنجام دەدات.
جگە لە تایلەندو کەمبۆدیا، ئۆباما سەردانێکی مێژووییش بۆ وڵاتی میانمار ئەنجام دەدات و بەوەش دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە سەردانی ئەو وڵاتە بکات.
ھەردوو رۆژنامەی نیویۆرک تایمزو واشنتۆن تایمز بڵاویانکردووەتەوە کە ئۆباما بەسەردانەکەی بۆ میانمارو کەمبۆدیا خۆی روبەڕووی رەخنەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکاتەوە، ئەویش بەھۆی ئەو پێشێلکارییانەی لەو دوو وڵاتەدا بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ ئەنجام دەدرێت، بە تایبەتیش لە میانمار کە بەھۆی توندوتیژییە ئاینییەکانی ئەمدواییەوە سەدان موسڵمان کوژراون و زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارە بوون، ئەمە سەرەڕای ئەوەی تائێستا نزیکەی ٢٠٠ چالاکی سیاسیی لەو وڵاتەدا زیندانی کراون.
Top