سبەی رووحانی دەگاتە ئەنقەرە

 سبەی رووحانی دەگاتە ئەنقەرە
بڕیارە سبەی دووشەممە حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی ئەنقەرە بکات و دوو رۆژ لەوێ بمێنێتەوەو گفتوگۆ دەربارەی ژمارەیەک دۆسیەی هاوبەش ئەنجامبدات.

رووحانی لەگەڵ رەجەب تەیبب ئەردۆغان سەرۆک وەزیران و عەبدوڵڵا گویل سەرۆک کۆماری تورکیا کۆدەبێتەوەو گفتوگۆ دەربارەی ژمارەیەک دۆسییەی هەرێمایەتی هاوبەش دەکات، بەڵام پەیوەندی ئابووری گرنگترینی بابەتەکانی کۆبوونەوەکانی دەبێت.

لە مانگی یەکی ئەمساڵ ئەردۆغان سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ رووحانی کۆبووەوە و لەسەر چەند بابەتێکی سیاسی و ئابووری رێککەوتن.

سەردانەکەی رووحانی لە کاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا سێ جار دواخراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەوە بووە تاران ویستوویەتی هەندێک گۆڕانکاری پێشهاتی نوێ لە داینەمیکی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبدەن، دواتر لەگەڵ ئەنقەرە گفتوگۆ بکەن، لەوانە هەڵبژاردنەکانی عێراق و رووداوەکانی سووریا لە هەمووان گرنگتر گفتوگۆکانی تاران و وڵاتانی پێنچ کۆ یەک.

کاتێک سەرکردەکانی ئەم دوو وڵاتە هەرێمایەتییە بەیەک دەگەن باسوخواس تەنیا پەیوەندی ئابووری ناگرێتەوە، بەڵکو چەندین دۆسییەی دیکەی ناوچەکە هەیە دێتە سەر مێزی گفتوگۆکان.

میدیاکانی تورکیا ئاماژە بە واژۆکردنی شەش رێککەوتن دەکەن کە سبەی و دووسبەی لە ئەنقەرە واژۆ دەکرێن.

ئەمە گرنگترین سەردانی بەرپرسانی ئێرانە لەو ئاستەدا، کە لەساڵی ١٩٩٦ هاشمی رەفسەنجانی سەردانی ئەنقەرەی کرد. ئەم سەردانەش لەسەر داوای عەبدوڵڵا گویل بوو.

لە لایەکی دیکەوە سبەی شاندی دانوستاندنکاری ئێرانی سەردانی جنێڤ دەکەن و لەگەڵ شاندێکی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا کۆدەبنەوە، ئەم کۆبوونەوەیە ئامادەسازییە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش (ئەمریکا بەریتانیا و چین و فەرەنسا و رووسیا وئەڵمانیا) کە بڕیارە رۆژانی 16 تا 18ی ئەو مانگە بەڕێوەبچێت.








رووداو
Top