دوای برینداربوونی چوار پۆلیس سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنی ناوچەی وارتۆی وەستاند

 دوای برینداربوونی چوار پۆلیس سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنی ناوچەی وارتۆی وەستاند
دوێنێ سوپای توركیا بۆ كردنەوەی رێگای نێوان وارتۆ و كارلیۆڤا لە ناوچەی موش، لە دژی چەكداران و لایەنگرانی پەكەكە ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی سەربازیی دەست پێ كرد.

لە چوارچێوەی چالاكیی داخستنی رێگاكان لە باكووری كوردستان لە لایەن چەكدارانی پەكەكەوە، ماوەی چوار رۆژ بوو رێگای نێوان ناوچەی وارتۆ و كارلیۆڤا لە پارێزگای موش داخرابوو و رۆژی سێشەممە سوپای توركیا بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی بۆ كردنەوەی ئەو رێگایە لە ناوچەكەدا ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی دەست پێ كرد.

لەو بارەیەوە ئەمڕۆ چوارشەممە ئاژانسی خەبەرجینز بڵاوی كردەوە كە لە رۆژی دووەمی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا بە هۆی تەقەكردنی چەكدارانی پەكەكەوە دوو كرێكار و چوار پۆلیس بریندار بوونە، هەر بۆیە سەرۆكی ئەركانی سوپای توركیا بۆ رێگریكردن لە ئاڵۆزتربوونی بارودۆخەكە بڕیاری راوەستاندنی ئۆپەراسیۆنەكە و پاشەكشەكردنی هێزە سەربازییەكانی لە ناوچەكەدا دەركردووە.

رێگای نێوان وارتۆ و كارلیۆڤا هێشتا لە ژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی پەكەكەدایە و هێزە ئەمنییەكانیش بە بیانووی نالەباربوونی رەوشی ئەمنییەوە، هاتوچۆیان بۆ ناوچەكە قەدەخە كردووە.
Top