لە مالیزیا تەنیا موسوڵمانان بۆیان هەیە وشەی "اللە" بەکار بێنن

لە مالیزیا تەنیا موسوڵمانان بۆیان هەیە وشەی
دادگای باڵای فیدرالی مالیزیا بڕیاری قەدەغە کردنی بەکارهێنانی وشەی "اللە"ی لە لایەن غەیرە موسوڵمانەکاوە پەسەند کرد.



ئەو بڕیارە لە ساڵی ٢٠٠٧ ــەوە دەرچووە و کلێسەی کاسۆلیکی داوای کردبوو ئەو بڕیارە هەڵبوەشێتەوە، بەڵام باڵاترین ناوەندی دادوەری مالیزیا ئەو بڕیارانەی پەسەند کرد کە پێشتر لەو بارەوە دەرچوو بوون.



ئەو کێشەیە کاتێک سەری هەڵدا کە رۆژنامەیەکی کاسۆلێکی وشەی "اللە"ی بەکار هێنا بوو.



مەسیحیەکانی مالیزیا دەڵێن، وشەی "اللە" کە لە زمانی عەڕەبیەوە هاتۆتە نێو زمانی "مالایی"، لە زمانی مالایی بۆ ئاماژە بە خوا لە هەموو دینەکان بەکار دێت و تەنیا بۆ ئاماژە دان بە خوا لە دینی ئیسلام دا نییە.



بەڵام بەرپرسانی مالیزیا دەڵێن، بەکارهێنانی وشەی "اللە" بۆ ئاماژە دان بە خوا لە دینی مەسیحی دا لەوانەیە ببێتە هۆی سەرلێشێواوی هەندێک کەس و ڕێگە بۆ مەسیحی بوونی هەندێک موسوڵمان خۆش بکات.



سەدا شەستی خەڵکی مالیزیا موسوڵمانن بەڵام شوێنکەوتووی ئایینی مەسیحی و بودی و هندو لەو وڵاتە دا هەن.



دوای ئەوەی ساڵی ٢٠٠٧ بڕیاری قەدەغە کردنی بەکارهێنانی وشەی "اللە" لە لایەن غەیری موسوڵمانەکانەوە دەرچوو، ڕۆژنامەی کاسۆلێکی "هێڕاڵد" دژی ئەو بڕیارە لە دادگا سکاڵای تۆمار کرد و ساڵی ٢٠٠٩ دادگا ڕیگەی پێدا وشەی "اللە" بەکار بێنیتەوە، بەڵام دادگایەکی تر ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە.
Top