چوارچێوەی یاسایی قۆناخی چارەسەریی پرسی كورد ئامادە كراوە

 چوارچێوەی یاسایی قۆناخی چارەسەریی پرسی كورد ئامادە كراوە
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاند، چوارچێوەی یاسایی قۆناخی چارەسەریی پرسی كورد ئامادەیە و تەنیا ماوە وەزیرەكان واژۆی لەسەر بكەن.

جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا بەشیر ئاتاڵای، لە بارەی قۆناخی چارەسەریی پرسی كوردەوە گوتی، حكوومەتی توركیا بەوپەڕی هێز و توانایەوە هەوڵ بۆ بەرەوپێشەوەبردن و بەئەنجامگەیاندنی ئەو قۆناخە دەدات.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئانادۆڵو، بەشیر ئاتاڵای ڕایگەیاندووە: "ماوەیەك بوو كارمان لەسەر ئامادەكردنی نەخشەڕێگە و چوارچێوەی یاسایی بۆ قۆناخی چارەسەریی پرسی كورد دەكرد، حاڵی حازر چوارچێوەی یاسایی ئەو قۆناخە ئامادە كراوە و چاوەڕوانی واژۆكردنی وەزیرانی كابینەی حكوومەتە".

ئاتاڵای هەروەها ئاماژەی داوە كە دوای واژۆكردنی لە لایەن وەزیرانەوە، ئەو چوراچێوە یاساییە وەكو پڕۆژەیاسایەك ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێت و لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، ئینجا دوای پەسەندكردنی لە لایەن پەرلەمانەوە، خاڵ بە خاڵ جێبەجێ دەكرێت.
Top