ئێران: ناهێڵین عێراق لێکهەڵوەشێت

ئێران: ناهێڵین عێراق لێکهەڵوەشێت
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ ناهێڵن "خەونی نەتەنیاهوو" بێتەدی و عێراق لێکهەڵوەشێت.



حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کارو باری باکووری ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: بە هیچ شێوەیەک ناهێڵین عێراق لێکهەڵوەشێت و ئەو بابەتەمان "بەڕاشکاوی" بە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە.



ئەو بەرپرسە ئیرانییە ڕۆژی یەکشەممە ٦ی تەمموز لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لە گەڵ کاناڵی ئەلعالەم بە ئاماژە بە قسەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە عێراق، گووتی: "ئێران ڕێگەنادات خەونەکانی نەتەنیاهوو لە عیراق بێتەدی."



حەوتووی ڕابڕدوو، بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل پشتگیری خۆی لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە عیراق راگەیاند و گووتی: سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان هاوکاری نێوان "هێزە میانڕەوەکان" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆشتر دەکات.



سێ شەممەی ڕابردوو، مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گووتی " چەند مانگی دیکە" لە کوردستان ڕیفراندۆم دەکرێت.



یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند؛ ئێران پەیوەندییەکی "برایانە"ی لە گەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان هەیەو داوای لێکردن "دان بەخۆیان دابگرن".



بە گووتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان لە بڕیاردان لە سەر بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم "پەلە"یان کردووە.



ناوبراو ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ روسیا کرد و گووتی: روسیا و ئێران لە پێناو پاراستنی یەکییەتی و سەروەری خاکی عێراق، بە تەواوی هێزەوە لە پشتی خەڵک و حکومەتی عێراق دەوەستن.






RW
Top