واشنتن داوادەکات کۆمکاری عەرەبی لەسەر داعش خۆی یەکلایی بکاتەوە

 واشنتن داوادەکات کۆمکاری عەرەبی لەسەر داعش خۆی یەکلایی بکاتەوە
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی هاندەدات، کە هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت بەرامبەر داعش لە عێراق و وڵاتانی عەرەبی رێگابگرن لە چوونی چەکدارانی وڵاتەکانیان بۆ نێو ریزەکانی رێکخراوەکە.

جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوای کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی، بە تەلەفۆن لەگەڵ نەبیل عەرەبی، ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی تاوتوێی هەڵوێستی کۆمکارەکەیان سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق کردووە و بە گوێرەی زانیارییەکان، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جۆن کیری "داوای خۆیەکلاکردنەوەی لە کۆمکاری عەرەبی کردووە لەبەرامبەر داعش".

کیری بۆ نەبیل عەرەبی جەختی لەوە کردووتەوە "هێرشە ئاسمانییەکان لایەنێکی هەوڵەکانن بۆ وەستاندنی هەڕەشەکانی داعش"، ئاماژەشی بۆ ئەوە کردووە، کە ئەوان وەک ئەمریکا چاوەڕوانی هەڵوێستی یەکلاکەرەوەن لە وڵاتانی عەرەبی و ئیقلیمی بۆ وەستاندنی هەڕەشەی داعش".

واشنتن پێشتر هیوای خواست، کە چەند وڵاتێکی عەرەبی بچنە نێو ئەو هاوپەیمانێتییەی، کە رۆژی هەینی باراک ئۆباما لە لوتکەی ناتۆ لە وێڵز رایگەیاند.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پەرۆشی ئەمریکای نەشاردەوە، کە "کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی بەهێزی هەبێت، دژی داعش لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییە بۆ رێگاگرتن لە چوونی چەکدارانی خەڵکی وڵاتانی عەرەبی بۆ ریزەکانی رێکخراوەکە".






رووداو
Top