توركیا لەبارەی بەشداریكردن لە شەڕی دژی داعش بڕیاردەدات

 توركیا لەبارەی بەشداریكردن لە شەڕی دژی داعش بڕیاردەدات
هەڵوێستی گشتیی توركیا لەبارەی بەشداریكردنی لە "هاوپەیمانێتی بنەڕەتی" 10 وڵاتی ئەندام لە ناتۆ ئاشكرا دەبێت و بەپێی
زانیارییەكان توركیا بەشێوەیەكی "سنووردار" بەشداری دەكات و هاوكارییەكانی لە چوارچێوەی هاوكارییە لۆجیستییەكاندا دەبێت.

توركیا لەبەردەم دووڕیانی بەشداریكردن لە هەڵوێستی كۆمەڵگەی جیهانی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی بنەڕەتی بۆ لەنێوبردنی داعش و پاراستنی سەلامەتی گیانی ئەو دەستگیركراوانەدایە، كە لە 10 ی حوزەیران لە مو‌وسڵ لەلایەن داعشەوە دەستگیركراون.

بۆیە بەپێی زانیاری راگەیاندنەكانی توركیا، بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی یەكێك لەو دوو رێگایە لە كۆبوونەوەی سێقۆڵی سەرۆكوەزیران، وەزارەتی دەرەوە و سوپاسالاری توركیا بڕیاری ئەوە دراوە كە توركیا بەشێوەیەكی سنووردار بەشداری هاوپەیمانێتییەكە بكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە كۆبوونەوەكە ئاشكرا كراون، توركیا وەك پرەنسیپێك نایەوێ لەدەرەوەی هاوپەیمانێتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت، بەڵام لەنێو هاوپەیمانێتییەكەدا زۆر چالاك نابێت.

لەبارەی رێگەپێدانی توركیا بۆ بەكارهێنانی بنكەی ئێنجەرلیك، ئەوە ئاشكرا بووە كە توركیا تەنیا بۆ گەیاندنی هاوكاری لۆژیستی، خواردن، یان هەر بارێكی لەناكاوی بۆ فڕۆكە جەنگییەكان بێتە ئاراوە رێگە بە بەكارهێنانی ئێنجەرلیك دەدات.

لەلایەكی دیكەوە هەر بە پێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان، توركیا نیگەرانە لە ناردنی چەك بۆ عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە و مەترسی ئەوەی هەیە ئەو چەكانە بكەونە دەستی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستانیش. توركیا ئەو نیگەرانییەی خۆی لە هەموو كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەدا بە هاوپەیمانەكانی راگەیاندووە.

یەكێكی دیكە لە نیگەرانییەكانی توركیا ئەو ماوەیە كە باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ لەنێوبردنی داعش دایناوە، كە سێ ساڵە و ئەنقەرە پێیوایە، سێ ساڵ زۆرە و مەترسی ئەوەی هەیە لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا هاوسەنگی هێز لە ناوچەكەدا بگۆڕێت. بەڵام دیسانەوە بەهۆی جیۆپۆلیتیكای ناوچەكەوە توركیا لەو بارەیەشەوە نایەوێ لەدەرەوەی هاوپەیمانێتییەكە بێت.





رووداو
Top