ئەڵمانیا 40 سەرباز رەوانەی باشووری کوردستان دەكات

 ئەڵمانیا 40 سەرباز رەوانەی باشووری کوردستان دەكات
وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، بە مەبەستی مەشقپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگە، كە ئێستا شەڕی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش دەكەن، وڵاتەكەی دەیەوێت 40 سەرباز رەوانە بكات.

وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا راشیگەیاند، کە هەر بارێكی ئەو چەك و تەقەمەنییە ئەڵمانییانەی لەماوەی ئەم مانگەدا رەوانەی باشووری کوردستان دەكرێت، لەلایەن شەش سەربازی ئەڵمانییەوە سەرپەرشتی دەكرێت".

هاوكات لە كۆتایی ئەم مانگەدا نزیكەی 30 پێشمەرگە، لە باشووری ئەڵمانیا دەست دەكەن بە مەشقكردن لەسەر ئەو چەك و سیستەمە پێشكەوتووانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش، ئەڵمانیا رەوانەی باشووری کوردستانیان دەكات.

پێشتر وڵاتی ئەڵمانیا رایگەیاند، كە بڕی 16 هەزار پارچە چەك و سەدان چەكی دژە تانك و زرێپۆش وەكو هاوكاری سەربازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دەداتە هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

لە میانی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ عێراق لە 16ی ئابی رابردوو، دووپاتیكردەوە، کە ئەڵمانیا بە بڕی 24 ملیۆن یۆرۆ هاوكاری ئەو ئاوارانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، دەکات. هەمان کات راشیگەیاند، ئەڵمانیا كار دەكات لەسەر پێشكەشكردنی پێداویستی سەربازی بۆ ئەو هێزانەی شەڕی داعش دەكەن.





رووداو
Top