ئێران هۆشداری دەدا: ئەمەریکا یاری بە ئاگر دەکات
ئاژانسی ئیسنای ئێران لە زاری (عەلی لاریجانی)-یەوە بڵاوی کردووەتەوە، "وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا یاری بە ئاگر دەکات، دەبێ درک بەوە بکات کە، بە بیانووی هێرشکردنە سەر داعش ناتوانێ هێرش بکاتە سەر سووریا."
زیاتر گوتی، "لەسەر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە لەوە تێ بگات، هێڕشکردنە سەر وڵاتێکی ناوچەکە.. ئاگرێک دادەگیرسێنێ، کەس ناتوانێ دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات."
هاوکات سکرتێری ئەنجوومەنی نەتەوەیی ئێران(عەلی شەمخانی)، ئەمەریکا بە "بیانووی بنەبڕکردنی تیرۆر، سەروەریی وڵاتان پێشێل دەکات"، ئەم هۆشدارییەیش هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەنگاوانەی ئەمەریکا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕکردن دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی.
لەو لێدوانەیدا کە ئەمڕۆ شەممە ئاژانسی هەواڵی ئێران گوازتوویەتییەوە، (شمخانی) دەڵێ "بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە ڕێی سیاسەتە تاکڕۆییەکانییەوە سەروەریی وڵاتان پێشێل دەکات."
(شەمخانی) زیاتر گوتی، "ئەوەی ئەمەریکا دەیەوێ بیکات، ئامانج لێی لابردنی ئاگاییی ڕای گشتیی جیهانە لەو ڕۆڵە میحوەرییەی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانانی، بۆ ثڕچەککردن و گەشەدان بە گرووپە توندڕۆکان بە بیانووی ڕووخاندنی ڕژێمی شەرعی لە سووریا."
ئەم لێدوانانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاش دوورخستنەوەی تاران دێت لەو کۆنگرەیەی پێوەست بە گفتوگۆکردن دەربارەی داعش، کە وەها بڕیارە دووشەممەی داهاتوو لە پاریش ببەسترێ. دوورخستنەوەیشی بەو پاساوەیە کە، ڕۆژئاوا و ئەمەریکا دەڵێن لە ماوەی درێژخایەنی قەیرانی سووریا کە لە ڕێیەوە ڕژێمی (ئەسەد) گەلەکەی سەرکوت و دەکوژێ، ئێران وەکا هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئەو ڕژێمە(سووریا)، ڕۆڵی سەرەکی لە هێشتنەوەی (بەشار ئەسەد)-دا هەبووە.