سیسی: نابێت هاوپەیمانێتی دژ بە تیرۆر تەنیا داعش بگرێتەوە

 سیسی: نابێت هاوپەیمانێتی دژ بە تیرۆر تەنیا داعش بگرێتەوە
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆككۆماری میسر رایگەیاند، نابێت هاوپەیمانێتی دژ بە تیرۆر تەنیا داعش بگرێتەوە، بەڵكو پێویستە هەموو ئەو گرووپ و كۆمەڵانە بگرێتەوە كە لەجیهاندا چالاكی تو‌وندڕەوی ئەنجامدەدەن.

لەكاتی كۆبوونەوەی جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر ئێوارەی رۆژی شەممە 13ی ئەیلو‌ول، كاتێك باس لە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ رووبەڕو‌وبوونەوەی تیرۆر و بەتایبەت چەكدارانی داعش لە سووریا و عێراق كرا، سیسی سەرەڕای نیشاندانی ئامادەەیی وڵاتەكەی بۆ پەیوەندیكردن بەو هاوپەیمانێتییەوە، ئاماژەی بەوە كردووە نابێت ئەم هاوپەیمانێتییە تەنیا لەدژ داعش بێت و رووبەڕووبوونەوەكە تەنها ئەو گرووپە بگرێتەوە.

سیسی لە كۆبوونەوەكەدا باسی لە بوونی گرووپی چەكداری ئەنسار بەیتول مەقدەسی كردووە، كە لە ناوچەكانی سینا لە میسر چالاكی ئەنجام دەدەن. ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی میسر هێشتا ترسی لە شانە نوستووەكانی ئیخوان موسلمین هەیە كردەی تو‌وندوتیژی دژ بە دەسەڵاتدارێتی میسر ئەنجام بدەن، كە ئێستا لەو وڵاتە بە تەواوی قەدەغەكراوە.

جگە لە میسر پێشتر بەرپرسانی ئیسرائیلی هەمان بابەتیان پێشنیازكردووە و داوایانكردووە هاوپەیمانێتییەكە لەدژی هەموو ئەو گرووپانە بێت، كە كردەی تو‌وندڕەوی ئەنجام دەدەن، هەروەها ئیسرائیل هەوڵدەدات ئەو گرووپانە بخاتە بەرەی تیرۆر و هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەكە لە دژ ئەو گرووپانەش ئەنجام بدرێت، كە كێشەیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەتایبەت بزو‌وتنەوەی حەماسی فەڵەستینی.









رووداو
Top