ئێران: خۆمان شەڕی تیرۆر دەكەین و چاوەڕێی هیچ هاوپەیمانییەك نین

 ئێران: خۆمان شەڕی تیرۆر دەكەین و چاوەڕێی هیچ هاوپەیمانییەك نین
جێگری كاروباری عەرەبی و ئەفریقی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ: "كردارەكانی ئەمریكا داعش و تیرۆریستەكانی بەهێز كردووە". پێشیوایە تاوەكو یارمەتی حكومەتی سووریا نەدرێت تیرۆر لە ناوچەكە بنبڕ نابێت.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، جێگری كاروباری عەرەبی و ئەفریقی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە دیدارێكیدا لەگەڵ پاتریسیا ئادام بەرپرسی كۆمیسیۆنی بەرگریی پەرلەمانی فەڕەنسا، گومانی خستە سەر ئەوەی ئەمریكا بیەوێت بەشێوەیەكی بنەڕەتی و واقعیانە بەرەنگاری تیرۆر ببێتەوە و رایگەیاند: " كرداری پڕ هەڵە و پۆلبەندكراوی ئەمریكا و رۆژئاوا لەمامەڵەكردن لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەكانی وەك داعش لە سووریا و عێراق، سەرەكیترین خاڵی بەهێز بوونی ئەو گرووپانە و كەوتنە مەترسی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكەیە".

ئەمیرعەبدوڵاهیان بە ئاماژەدان بەوەی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر چاوەڕێی هیچ هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی ناكات، گوتی: "ئێران بەپێی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی خۆی و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكان رەفتار دەكات".

جێگری كاروباری عەرەبی و ئەفریقی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باشترین رێكار بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆریزم لە ناوچەكە بە یارمەتیدان و بەهێزكردنی حكومەتەكانی عێراق و سووریا دادەنێت، كە بە گوتەی ئەو" بەشێوەی واقیعی لەشەڕدان لەگەڵ تیرۆر".








رووداو
Top