فوئاد مەعسووم و فرانسوا ئۆلاند: داعش مەترسییە بۆ سەر هەموو جیهان

 فوئاد مەعسووم و فرانسوا ئۆلاند: داعش مەترسییە بۆ سەر هەموو جیهان
كۆنگرەی پاریس بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و هاوكاریكردنی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 15ی ئەیلوول لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەستیپێكرد‌و لەسەرەتای كۆنگرەكەشدا فرانسوا ئۆلاند سەرۆككۆماری فەرەنسا و فوئاد مەعسووم سەرۆككۆماری عێراق وتاری خۆیان پێشكەشكرد.

ئۆلاند لە وتارەكەیدا رایگەیاند، كە وڵاتانی بەشداری كۆنگرەكە دەیانەوێ پشتگیری عێراق بكەن دژ بە تیرۆر و گوتی: "یەكڕیزیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی داعش گرنگە، چونكە داعش مەترسییەكی گەورەیە بۆ هەموو جیهان".

سەرۆككۆماری فەرەنسا جەختیشیكردەوە "داعش مەترسییەكی گشتییە و بنبڕكردنیشی ئەركی گشت لایەكە". ئاماژەی بەوەشكرد پێشتر فەرەنسا لەبارەی داعشەوە هۆشداریی داوە.

ئامانجی كۆنگرەكە پشتگیریكردنە لە عێراق لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، سەرۆكی فەرەنساش گوتی: "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەلایەن عێراقەوە ئەركی ئێمەشە، چونكە عێراق پێویستی بە هاوكاری سەربازییە".

سەرۆكی فەرەنسا ئاماژەی بە سەردانەكەی بۆ هەولێر كردو گوتی " لە هەولێر رامگەیاند پێویستە دژ بە تیرۆریستان رێوشوێنی پێویست بگیردرێتەبەر".

هەر لە درێژەی وتارەكەیدا ئۆلاند ئاماژەی بە رووبەڕووبوونەوەی داعش لەنێو سووریاش كرد، كە مژارێكی دیكەی كۆنگرەكەیە و بە ئاماژەدان بەوەی لە شەڕی سووریا 200 هەزار كەس كوژراون، گوتی "پێویستە پشتگیری لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش بكرێت".
دواتر فوئاد مەعسووم سەرۆككۆماری فەرەنسا سوپاسی بەدەنگەوەهاتنی فەرەنسای كرد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سوپاسی وڵاتانی جیهانیشی بۆ هاوكارییان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە.

فوئاد مەعسوم مەترسیی خۆی لە پەلهاویشتنی داعش بۆ وڵاتانی دیكەی جیهان لە كۆنگرەكەدا راگەیاند و گوتی "ئەم دەوڵەتە ئیسلامییە سەرەتایەكە بۆ ئەوەی دەستی بگاتە هەموو جیهان، بۆیە پێویستە داعش بەو یاسایانە گەمارۆ بدرێ كە هاوكاریكردنی ئەو گرووپە قەدەخە دەكەن".

فوئاد مەعسوم راشیگەیاند، سەدان هەزار خێزان كە نەیانتوانیوە رزگاریان ببێت وەك بارمتە لای داعش ماونەتەوە. گوتیشی: "داعش لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا كۆمەڵكوژی ئەنجامداوە‌و كوشتنیش لای داعش هیچ پێوانەیەكی بۆ نییە‌و لە عێراق هەموو پێكهاتەكان بەیەكەوە دەكوژرێن".

سەرۆككۆماری عێراق لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا باسی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كردو گوتی "سەركەوتووبووین لە دروستكردنی حكومەتێكی یەكڕیزیی نیشتمانی".

كۆنگرەی پاریس تەنیا یەك رۆژ دەخایێنێت ‌و جۆن كیری، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەركردایەتی دەكات و لەگەڵ سەرۆك و وەزیرانی دەرەوەی زیاتر لە 40 وڵاتی جیهان كۆدەبێتەوە، كە پشتیوانی خۆیان بۆ جەنگی دژ بە داعش و پەیوەندیكردن بەو هاوپەیمانێتییەوە راگەیاندووە، كە ئەمریكا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا پێكیهێناوە.








رووداو
Top