راگەیێندراوی کۆتایی کۆنگرەی پاریس بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش

 راگەیێندراوی کۆتایی کۆنگرەی پاریس بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش
کۆنگرەی پاریس بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق، کە لەسەر پێشنیازی فرانسۆ ئۆلاندی سەرۆکی فەرەنسا، ئەمڕۆ دووشەممە دەستیپێکرد و هەر دوانیوەڕۆی ئەمڕۆش کۆتاییهات، عێراق بە شاندێکی باڵا بەشداری تێداکرد كە پێکهاتبوو لە فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق و ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوە.

دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەکە، کە جگە لە وڵاتانی بەشداربوو، رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبیش بەشدارییان تێداکرد، راگەیێندراوی کۆتایی بڵاوکرایەوە، کە گرنگترین خاڵەکانی جەخت لە " یەکپارچەیی خاکی عێراق و سەلامەتی سەروەرییەکەی دەکەنەوە"، لە پاڵ جەختکردنەوە لە پشتیووانی عێراق و پاراستنی لە مەترسییەکانی داعش.

بەشداربووانی کۆنگرەکە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، داعش بە تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر عێراق، بەڵکو وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگەی جیهانی وەسفیان کردووە، چونکە "تاوانەکانی ئەو رێکخراوە بەرامبەر خەڵکی هەموو جیهان دەکرێن".

هەروەک لە لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە، "وڵاتانی بەشداربووی کۆنگرەکە لەناوبردنی داعش لە عێراق بە گرنگ دەزانن، لەبەرئەوەش بەرێگای پابەندبوون بە پشتیووانی حکومەتی عێراق داعش لە عێراق ناهێڵن، بە مەرجی رەچاوکردن و رێزگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل".

کۆنگرەکە جەختی لە بڕیاری 2170 ئەنجوومەنی ئاسایش کردووەتەوە، کە پێدانی چەک و پارە بەو رێکخراوە قەدەخەدەکات، ئەمەش بەرێگای هاریکاری زیاتر و چاودێری وردی سنوورەکان.

کۆنگرەی پاریس ستایشی رۆڵی رێكخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی کردووە لە عێراق و یەکێتی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبیشی کردووەتە دووهاوبەش بۆ رۆڵبینینیان بۆ داهاتووی عێراق، وڵاتانی بەشداربوو بەڵێنی بەردەوامی هەوڵەکانیان داوە بۆ هاریکاریکردنی ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ جێگا و رێگای خۆیان، هەروەها بەڵێنی هاریکاریی ماددیشیان داوە بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی عێراق.









رووداو
Top