كەنەدا69 سەربازی هێزی تایبەتی وڵاتەكەی رەوانەی باشووری کوردستان دەكات

 كەنەدا69 سەربازی هێزی تایبەتی وڵاتەكەی رەوانەی باشووری کوردستان دەكات
سەرۆكوەزیرانی كەنەدا رایگەیاند حكومەتی كەنەدا ژمارەیەك سەربازی سەر بەهێزی تایبەتی لە ناوچەكانی باشووری کوردستان بڵاوكردووەتەوە.

ستیڤن هاربر، سەرۆكوەزیرانی كەنەدا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند بە ئامانجی هاوكاریكردنی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی سەر بەرێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بەداعش، حكومەتەكەی 69 سەربازی سەر بە هێزی تایبەتی وڵاتەكەی لە ناوچەیەكی باشووری کوردستان بڵاوكردووەتەوە.

بە مەبەستی هاوكاریكردنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سەرەتای ئەم مانگە هاربر بڵاوكردنەوەی دەیان سەربازی كەنەدی لە عێراق راگەیاند، بەڵام دوای ئەوەی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكان داوایان لێكرد هەنگاوەكانی لەمبارەوە روونتر بكاتەوە، سەرۆكوەزیرانی كەنەدا ئاشكرایكرد كە 69 سەربازی لە هێزی تایبەتی كەنەدا لە باشووری کوردستان بڵاوكردووەتەوە.

سەرەڕای جێگیركردنی هێزە تایبەتەكانی. حكومەتی كەنەدا كەلوپەلی سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراقیش ناردووە.

دوای دەركردنی مەسیحییەكانی شاری مووسڵ و كوشتوبڕكردنی ئێزدییەكانی شارۆچكەی شنگال لەلایەن چەكدارانی داعش، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لە رووی سەربازییەوە بڕیاری هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەیان دا.





رووداو
Top