ئەردۆغان: گیانی هاووڵاتییە بەدیلگیراوەكانمان بۆ ئێمە لە هەر شتێكی دیكە گرنگترە

 ئەردۆغان: گیانی هاووڵاتییە بەدیلگیراوەكانمان بۆ ئێمە لە هەر شتێكی دیكە گرنگترە
سەرۆككۆماری توركیا دەڵێ، گیانی ئەو 49 هاووڵاتییە توركەی لە مووسڵ لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە بە دیل گیراون، لە هەر شتێكی دیكە بۆ توركیا گرنگترە.

سەرۆككۆماری توركیا (رەجەب تەییب ئەردۆغان) لە میانی بەشداریكردن لە 19ـیەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی كاسبكاران و پیشەوەرانی توركیا لە ئانكارا، گوتەیەكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند، "نیشاندانی توركیا وەكو وڵاتێك كە هاوكاری و پشتگیری لە تیرۆر دەكات و چاوپۆشی لە تیرۆر و تیرۆریستان دەكا بێدینییە، چەند كەس و لایەن ئاماژە بەوە دەدەن كە گوایا توركیا نەوتی لە تیرۆریستان كڕیوە، چەكی داوەتە تیرۆریستان و تیرۆریستە بریندارەكان نەخۆشخانەكاندا دەرمان دەكات.. بە دەیان جار وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەكان ئاماژەی بەوە كردووە كە توركیا بە هیچ شێوەیەك نەوتی لە تیرۆریستان نەكڕیوە و منیش بۆ خۆم چەندین جار لەو بارەیەوە لێدوانم داوە، شتێكی لەو جۆرە نەبووە و نابێ".
(ئەردۆغان) لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی، "گیانی ئەو 49 هاووڵاتییەی كە لە مووسڵ لە لایەن تیرۆریستانەوە بە دیل گیراون، لە هەر شتێكی دیكە بۆ توركیا گرنگترە، بۆیە ئێمە كاتێك قسە دەكەین پێویستە زۆر وریا بین، چونكە ئێمە لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدان و پێویستە رەچاوی سەلامەتی و ئەمنییەتی گیانی ئەو 49 هاووڵاتییە بكەین، ئێمە داوا لە پارتە سیاسییەكان، میدیا و لایەنە جیاجیاكانیش دەكەین كە لەو بارەیەوە هەست بە بەرپرسیارەتی بكەن".
سەرۆككۆماری توركیا لە بەردەوامی قسەكانیدا باسی قۆناخی چارەسەریی پرسی كوردیشی كرد و ئاماژەی دا، "قۆناخی چارەسەری تەنیا هیی حكوومەت یا دەسەڵاتی سیاسیی توركیا نییە، بەڵكە هیی 77 ملیۆن كەسە، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا حكوومەت چەندە بەرپرسیارەتی هەڵدەگرێ، ئەوا پارتە سیاسییەكانیش دەبێ ئەوەندە بەرپرسیارەتی بگرنە ئەستۆ، باشوور و باشووری رۆژهەڵات چەندە بەرپرسیارە، پێویستە رۆژئاوا و قەرەدەنیزیش هەر ئەوەندە بەرپرسیار بن، چونكە تەنیا دایك، باوك و كاسبكارانی باشوور و باشووری رۆژهەڵات نەبوونە قوربانیی دەستی تیرۆر، بەڵكە خەڵكی 81 پارێزگای توركیا بە بێ جیاوازی لەو چوارچێوەیەدا قوربانییان داوە. پشت بە خوا ئێمە وەكو خەڵكی توركیا پێكەوە ئەو پرسە چارە دەكەین و هەموومان پێكەوە برایەتیی خۆمان بەهێزتر دەكەین، با هیچ كەس بە هۆی ئەو ئاژاوەگێڕیانەوە كە بۆ تێكدانی قۆناخی چارەسەری ئەنجام دەدرێن، هیوا و ئاواتی خۆی لە بەرامبەر قۆناخی چارەسەری لە دەست نەدات، چونكە هیچ بژاردەیەك بێجگە لە چارەكردنی ئەو پرسە لە بەردەم توركیادا نییە".
گوتیشی، "پشت بە خوا قۆناخی چارەسەری بە پاڵپشتیی هەموو چین و پێكهاتەكانی كۆمەڵگە بە تایبەتی چینی كاسبكار و پیشەوەران دەگاتە ئەنجام، بۆیە داوا لە چینی كاسبكار و پیشەوەران و پێكهاتەكانی دیكە دەكەم لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسیارەتیی زیاتر بگرنە ئەستۆ".

ئانادۆڵو
Top