سکۆتلەندا ئەمڕۆ بڕیار دەدات

 سکۆتلەندا ئەمڕۆ بڕیار دەدات
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بنکەکانی دەنگدان بە ڕووی دەنگدەراندا کرایەوە کە لە ڕێیەوە و بۆ یەکەم جار و پاش 300 ساڵ سکۆتلەنداییەکان بڕیارێکی مێژووی دەدەن لەوەی ئایا دەیانەوێ سەربەخۆ بن، یان لە چوارچێوەی بەریتانیادا دەمێننەوە.
وەهایش چاوەڕوان دەکرێ، ڕێژەی دەنگدەران بگاتە 98 لە سەدی کۆی دەنگدەران، کە زیاتر لە 4 ملیۆن دەنگدەرن. هەروەها بۆ یەکەم جاریشە لە مێژووی بەریتانیادا ڕێ بە ئەوانەیش دەدرێ کە تەمەنیان 16 ساڵە دەنگ لە وەها بڕیارێکی مێژوویی بدەن.
هەزار بنکەی دەنگدان، لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا بە ڕووی دەنگدەراندا کراوەتەوە، کە پێشوازی لە دەنگدەر دەکەن و تا سەعات 10-ی شەویش دەرگای بنکەکان بە ڕووی دەنگدەراندا بە کراوەیی دەمێنێتەوە. چاوەڕوانیش دەکرێ، سەعات 6.30 تا 7.30 خولەکی سەرلەبەیانیی سبەی هەینی، ئەنجامی دەنگدان ڕابگەیەنرێ.
جیاکردنەوەی دەنگەکانیش، بە ئەوانەی لە ڕێی بەریدیشەوە دەنگ دەدەن کە ئەمەیش لە مێژووی بەریتانیادا بەو ڕێژەیە زۆرە، وێنەی نەبووە، لە سکۆتلەندا دەبێ.
Top