حوسییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ یه‌مه‌ندا گرت

حوسییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ یه‌مه‌ندا گرت
له‌كاتێكدا به‌رپرسانی‌ وڵاتی‌ یه‌مه‌ن له‌ چاوه‌ڕوانی‌ ئیمزاكردنی‌ رێكه‌وتننامه‌یه‌ك بوون بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی‌ بارودۆخی‌ ئه‌و وڵاته‌، حوسییه‌كان له‌ چه‌ندین قۆڵه‌وه‌ پێشڕه‌وییان كرد و ده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ یه‌مه‌ندا گرت و سه‌رۆك وه‌زیرانیشیان ناچار به‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ كرد.

ئه‌مڕۆ حوسییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر باره‌گای‌ فه‌رمانده‌یی گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ یه‌مه‌ن و سه‌ربازگه‌ی‌ رادیۆ و باره‌گای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ ئه‌و وڵاته‌دا گرت، وته‌بێژی‌ حوسییه‌كانیش رایگه‌یاند كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستی‌ له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌.

ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ی‌ هاوسه‌نگی‌ هێز له‌ یه‌مه‌ن هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی‌ باره‌گای‌ فیرقه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ زرێپۆش له‌ سه‌نعای‌ پایته‌ختی‌ ئه‌و وڵاته‌ ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو سه‌ربازه‌كانی‌ ناو ئه‌و باره‌گایه‌ خۆیان راده‌ستی‌ حوسییه‌كان كرد.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و پێشهاتانه‌، هه‌واڵه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ وه‌فدی‌ حوسییه‌كان بۆ ئیمزاكردنی‌ رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ یه‌مه‌ن كه‌ پێشتر جه‌مال كوڕی‌ عومه‌ر نێرده‌ی‌ تایبه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داوایكردبوو، گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌نعای‌ پایته‌خت.

محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌لام وته‌بێژی‌ حوسییه‌كان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنیدا به‌ سكای‌ نیوز عه‌ره‌بیه‌ی‌ وت: "نوێنه‌رانمان له‌وپه‌ڕی‌ ئاماده‌باشیدان بۆ ئیمزاكردنی‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ ئارامكردنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش كۆتاییهێنانی‌ هێرشه‌كان بۆسه‌ر باره‌گای‌ فیرقه‌ی‌ یه‌كی‌ زرێپۆش ناگه‌یه‌نێت".

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ عه‌بدولمه‌لیك ئه‌لحوسی‌ سه‌رۆكی‌ یاخبووه‌كانی‌ یه‌مه‌ن له‌ 18ی‌ ئابی‌ رابردوودا جموجوڵێكی‌ ناڕه‌زایی راگه‌یاند دژی‌ حكومه‌ت و داوایكرد ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌ و له‌ بڕیاری‌ گرانكردنی‌ نرخی‌ سووته‌مه‌نی‌ په‌شیمان بێته‌وه‌ و بڕیاره‌كانی‌ وتووێژی‌ نیشتمانی‌ جێبه‌جێ‌ بكات، حوسییه‌كان هه‌زاران ئه‌ندامیان به‌ چه‌ك و بێ‌ چه‌كه‌وه‌ له‌ سه‌نعای‌ی‌ پایته‌ختی‌ یه‌مه‌ن و ده‌وروبه‌ری‌ بڵاوكرده‌وه‌.







خه‌ندان
Top