هیندستان مێژوویەكی نوێی بۆ مرۆڤایەتی تۆماركرد

 هیندستان مێژوویەكی نوێی بۆ مرۆڤایەتی تۆماركرد
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلوول كەشتییەكی ئاسمانی وڵاتی هیندستان بە سەركەوتوویی گەیشتە خولگەی هەسارەی مارس، بەمەش هیندییەكانی كرد بە یەكەم گەل كە بە سەركەوتوویی و لە یەكەم هەوڵدان بگەنە هەسارە سوورەكە. ئەمە جگە لەوەی هیندستانی كردە یەكەم وڵاتی كیشوەری ئاسیا ئەم مێژووە تۆماربكات.

نارێندرا مۆدی سەرۆكوەزیرانی هیندستان لەمبارەیەوە رایگەیاند "ئەمڕۆ ئێمە سنوورەكانمان تێپەڕاند و زیاتر لەوەمان كرد كە بە بیردا دێت".

بە گەیشتنی كەشتییە ئاسمانییەكە بۆ سەر خولگەی مارس، ستافی گروپی لێكۆڵەرەوەی تایبەت بە كەشتییە ئاسمانییەكە دڵخۆشی خۆیان دەربڕی لەبەرئەوەی پێش ئەمڕۆ تەنیا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەوروپا و سۆڤییەت توانیبوویان بە سەركەوتوویی بگەنە هەسارەی مارس، كە چوارەم هەسارەی كۆمەڵەی خۆرە و لەدوای زەوییەوە دێت.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو بڕە پارە كەمەیە كە خەرجی كەشتییە ئاسمانییە هیندییەكە بوو، چونكە لە كاتێكدا ئاژانسی ناسا بە بڕی 671 ملیۆن دۆلار كەشتییەكی ئاسمانی بۆ مارس رەوانەكردووە، هیندستان كەمتر لە 100 ملیۆن دۆلاری بۆ هەمان مەبەست پێویستبووە.

راستە ئەم هەنگاوە مێژوویی بوو بۆ هیندستان و كیشوەری ئاسیا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیندستان رووبەڕووی چەندین گلەیی بووەتەوە، بەتایبەت لە خەڵكە هەژارەكەی كە رەخنەی ئەوەیان گرتووە "هێشتا هیندستان كێشەی دیكەی هەیە و دەبوایە حكومەت ئەو بڕە پارەیەی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە تەرخانكردبا".






رووداو
Top