داواكاریی كردنەوەی قوتابخانەیەكی كوردی لە توركیا رەت كرایەوە

 داواكاریی كردنەوەی قوتابخانەیەكی كوردی لە توركیا رەت كرایەوە
وەزارەتی پەروەردەی توركیا، بە بیانووی ئەوەی كە لە كاتی یاساییدا پێشكەش نەكراوە، داواكاریی كردنەوەی قوتابخانەیەكی كوردیی رەت كردەوە.

دوای كۆتاییهاتنی هەڵمەتی پڕۆتستۆكردنی هەفتەی یەكەمی پڕۆسەی خوێندن لە لایەن كوردانی باكووری كوردستان و داخستنی سێ قوتابخانەی كوردی كە لە لایەن خەڵكەوە كرابوونەوە، چەند دەستگە و رێكخراوێك بە هاوكاری و پشتگیریی هەدەپە و شارەوانیی دیاربەكر بە فەرمی داوای مۆڵەتیان بۆ كردنەوەی قوتابخانەیەكی كوردی بە ناوی (فەرزاد كەمانگەر) كرد، بەڵام ئەو داواكارییە رەت كرایەوە.
لەو بارەوە وەزیری پەروەردەی توركیا (نەبی ئاڤجی) گوتی، بۆ وەرگرتنی مۆڵەت بۆ كردنەوەی قوتابخانەكان یاسا و رێسایەكی تایبەت هەیە و بەپێی ئەو یاسا و رێسایانە پێویستە داواكاری بۆ كردنەوەی هەر جۆرە قوتابخانەیەكی تایبەتی تا پێش یەكی مانگی ئەیلوول پێشكەشی لایەنی پەیوەندیدار بكرێت و ئەو داواكارییانەیش كە لە لایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە پێشكەش دەكرێن، هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێت و دواتر وەڵامیان دەدرێتەوە.

(ئاڤجی) لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی دا، چەند حزب و لایەنێكی سیاسی دوای تێپەڕبوونی 15 رۆژ بەسەر دەستپێكردنی پڕۆسەی خوێندن، داوای كردنەوەی قوتابخانەیان كردووە، ئەو داواكارییە بە هۆی ئەوەی كە لە كاتی یاساییدا پێشكەش نەكراوە، رەت دەكرێتەوە،، بۆیە ئەگەر ئەو لایەنانە سوورن لەسەر داواكارییەكەیان، دەتوانن ساڵی داهاتوو لە ماوەی یاساییدا ئەو داواكارییە دووبارە پێشكەش بكەنەوە.
Top