ئەڵمانیا زانیاری نوێ لەبارەی چەكدارە بیانییەکانی داعش ئاشكرادەكات

 ئەڵمانیا زانیاری نوێ لەبارەی چەكدارە بیانییەکانی داعش ئاشكرادەكات
بەپێی زانیارییەكانی دەزگای هەواڵگری نێوخۆیی ئەڵمانیا، ژمارەی ئەو چەكدارانەی لە وڵاتانی ئەوروپاوە دەچنە نێو ریزەكانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، بە خێرایی زیاددەكات و بەپێی دوایین زانیارییەكان، ژمارەیان گەیشتووەتە 3 هەزار چەكدار.

هانس جۆرج ماسین، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نێوخۆیی ئەڵمانیا ئاشكرای كرد، كە ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئەڵمانیاوە چوونەتە نێو داعش، زۆر لەسەرووی پێشبینییەكانەوەیە.

هانس جۆرج ماسین پێیوایە تاوەكو ئێستا، ژمارەی ئەو چەكدارانەی لە ئەڵمانیاوە چوونەتە نێو ریزەكانی داعش 400 چەكدارە، "لەو ژمارەیە بەلایەنی كەمەوە 125یان گەڕاونەتەوە ئەڵمانیا، بۆمان دەركەوتووە لەو كەسانەی گەڕاونەتەوە 25 چەكدار بەشداری رووبەڕوبوونەوە چەكدارییەكانیان كردووە".

هەروەها زانیاری ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە: "زۆربەی ئەوانەی بە رێگای توركیاوە چوونەتە نێو سووریا و چوونەتە ریزی داعشەوە، تەمەنیان لەژێر 30 ساڵەوەیە، %61ـی ئەوانەیش كە لە ئەڵمانیاوە بوونەتە داعش، هەڵگری پاسپۆرتی ئەڵمانین، هاوكات %24ـی دیكەش لەو كەسانەی لە ئەڵمانیاوە رۆیشتوون، خاوەن دوو یان سێ رەگەزنامەی وڵاتانن".

سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نێوخۆیی ئەڵمانیا ئەوەش ناشارێتەوە، كە 40 چەكدار، كە لە ئەڵمانیاوە چوونەتە سووریا لە شەڕ و پێكدادانەكاندا لەو وڵاتە كوژراون.







رووداو
Top