پەرلەمانی بەریتانیا هێرشی ئاسمانی بۆسەر داعشی پەسند کرد

پەرلەمانی بەریتانیا هێرشی ئاسمانی بۆسەر داعشی پەسند کرد
زۆرینەی پەرلەمانتارانی بەریتانیا دوێنێ،هەینی، هێرشی ئاسمانیی ئەم وڵاتەیان بۆ سەر چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) پەسند کرد.

لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینیی پەرلەمانی بەریتانیا کە بە مەبەستی دەنگ وەرگرتنی نوێنەران بۆ بەشداریکردنی هێزی ئاسمانیی ئەم وڵاتە لە هێرشکردن بۆ سەر چەکدارانی داعش پێکهاتبوو، ٥٢٤ ئەندامی پەرلەمان دەنگیان بە پێشنیارەکەی سەرۆکوەزیران دا و ٤٣ پەرلەمانتاریش دژایەتیی رێکخستنی ئەم هێرشانەیان کرد.



بە پێی هەواڵی ئاژانسی ئاسۆشیتێدپرێس، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دەیڤید کامیرۆن، لە وتارێکدا کە لە پەرلەمان پێشکەشی کرد، گوتی: میلیشیاکانی داعش سەری قوربانیەکانیان دەبڕن و چاوەکانیان دەردێنن. ئەوانە تیرۆریستی شێتن کە هەوڵ دەدەن ئێمە بکوژن و دەبێ ئەوەمان لەبەرچاوبێت کە پێمان خۆش بێت یان نا، پێویستە هەر لە ئێستاوە شەڕکردن دژیان رابگەیەنین.



بە پێی ئەم هەواڵە، پەرلەمانی بەریتانیا لەماوەی ٨ کاتژمێر مشت ومڕی پەرلەمانتەراندا بەم ئەنجامە گەیشت و ئەمەش بەم مانایە نیە کە بەریتانیا لە هێرشەکانی سەر داعش لە خاکی سوریاشدا بەشداری بکات.



سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەم هۆیە بەشداریکردنی لە هێرشی ئاسمانی بۆسەرداعشی لە خاکی عێراقدا بە ڕەوازانی، چونکە دەستەڵاتدارانی ئەم وڵاتە خۆیان دوای یارمەتییان لەهێزە دەرەکییەکان کردووە، بەڵام حکومەتی سوریا ئەم داوایەی نەخستووتە بەردەم وڵاتانی دەرەوە.
Top