ئەردۆغان: تورکیا بێدەنگ نابێت

 ئەردۆغان: تورکیا بێدەنگ نابێت
سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بەو پرۆژەیاسایانەی سبەینێ 02-10-2014 دەچنە پەرلەمانی وڵاتەکەی بۆ رێپێدان بە سوپا بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سووریا و عێراق، رایگەیاند کە هەڕەشەی نوێ دروستبووە لە ناوچەکە و تورکیا ناتوانێت ئەو هەڕەشانە پشتگوێ بخات.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی بەشداریکردنی لە کردنەوەی وەرزی نوێی پەرلەمانی وڵاتەکەی، لە وتارێکدا باسی لە بەردەوامبوونی پرۆسەی چارەسەری کرد، کە خۆی بە ئەندازیاری ئەو پرۆسەیە ناوبرد. جەختیشیکردەوە کە دەبێت رێگیری بکرێت لەو لایەنانەی دەیانەوێت پرۆسەکە لەباربەرن.

هاوکات باسی لەو پرۆژەیاسایەش کرد کە سبەینێ 02-10-2014 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی تاوتوێ دەکرێت بۆ رێپێدان بە سوپا بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سووریا و عێراق. ئەردۆغان گوتی،" ناوچەکەمان رووبەڕووی هەڕەشەی نوێ بووەتەوە و ئێمەش ناتوانین ئەو هەڕەشانە پشتگوێ بخەین، لەبەر ئەوە ئومێدەوارم لەم گۆشەنیگایەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پرۆژەیاسایانە بکرێت".

سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو کە چاویان لە خاکی هیچ وڵاتێکی دیکە نییە، بەڵام ناتوانن بێدەنگ بن بەرامبەر ئەو کارەساتە مرۆییانەی لە وڵاتانی دراوسێی تورکیا روودەدەن، لەو بارەیەشەوە گوتی،" ئەگەر هەموو جیهانیش بێدەنگ بێت، تورکیا مافی ئەوەی نییە بێدەنگ بێت".

رەجەب تەییب ئەردۆغان سەبارەت بە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێش بۆ تورکیا گوتی،" ئەم پەرلەمانە توانای ئەوەی هەیە دەستوورێکی نوێ بنووسێتەوە، دەبێت دوای هەڵبژاردنە گشتییەکانی 2015 سەرجەم پارتەکان کۆببنەوە بۆ دانانی ئەو دەستوور نوێیە، ئەم بابەتە نابێت لەمە زیاتر دوابخرێت".






رووداو
Top