کچێکی تەمەن ١٧ساڵی پاکستانی خەڵاتی ئاشتیی نوبڵی بردەوە

کچێکی تەمەن ١٧ساڵی پاکستانی خەڵاتی ئاشتیی نوبڵی بردەوە
خەڵاتی ئاشتی نوبڵی ئەمساڵ بە دووقۆڵی تەرخان کرا بۆ "مەلالە یووسف‌زەی" کچە خەباتکاری پاکستانی و ئەندازیار" کایلاش ساتیارتی" چالاکی بواری مافی منداڵان لە وڵاتی هیندستان.





مەلالە یووسف زەی کە دوێنێ هەینی وەک یەکێک لە دوو براوەی خەڵاتی ئاشتیی ئەمساڵی نوبڵ ناسێنرا، گوتی: خەڵاتەکەی پێشکەش بەو منداڵانە دەکات کە هیچکەس دەنگیان نابیسێت.



ئەم کچە گەنجە پاکستانەییە کە چەند کاتژمێر دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەرکەوتنەکەی لە پرێسکۆنفڕانسێکدا لە بەریتانیا بەشداریی کرد، گوتی: زۆر خۆشحاڵە کە وێڕای چاکێکی هیندستانی ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە و هەردووکیان تەمایان گرتووە سەرۆک وەزیرانی هێندستان و پاکستان بانگهێشت بکەن بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی وەرگرتنی خەڵکاتەکەدا بەشداری بکەن و بەمجۆرە ببنە هۆی باشتربوونی پەیوەندیە سیاسیەکانی نێوان دوو وڵاتی دراوسێ.



مەلالە یووسف زەی، دووساڵ لەمەوبەر لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا، لە ناو پاسی قوتابخانەکەیاندا لەلایەن ئەندامێکی تالیبانی پاکستانەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و بریندار بوو.



مەلالە وەک خانمە چالاکێکی بواری مافی منداڵان و بەتایبەت مافی خوێندنی کچان دوای هێرشی تیرۆرسیتی بۆ سەری، بۆ چارەسەری گەیەنرایە دەرەوەی وڵات. ساڵی ٢٠١٣ لە بارەگای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکی پێشکەش کرد و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە دانیشتنێکدا پێشوازیی لێکرد. مەلالە بەر لە وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نوبڵ، چەند خەڵاتێکی دیکەی وەرگرتووە و لەم ماوەیە دا کتێبی بیرەوەریەکانی خۆی بڵاو کردووەتەوە.



ئەم کچە پاکستانیە ئێستا لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دانیشتووی بەریتانیایە.
Top