حەوت ئەفسەری پلەبەرزی ئێران لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەدا گیانیان لەدەست دا

حەوت ئەفسەری پلەبەرزی ئێران لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەدا گیانیان لەدەست دا
فرۆکەیەکی سەربازیی سەر بە پۆلیسی ئێران لە نێوان تاران و زاهیدان لە کۆنتڕۆڵی ناوەندەکانی چاودێریەوە ون بوو و دوای ١٣ کاتژمێر لاشەکەی لە ناوچەیەکی دوورەدەست دۆزرایەوە.

بە پێی ئاژانسی هەواڵی فارسنیوز، کاتژمێر ٦ی ئێوارەی رۆژی شەممەی رابردوو، فرۆکەیەکی سەر بە هێزی ئینتزامی لە تارانەوە بەرەو شاری زاهیدانی ناوەندی پارێزگای سیستان و بلوچستان فڕیوە و لە ناکاو لە چاوی ئامێرەکانی چاودێریەوە ون بووە.

ئەم فڕۆکەیە کە هەڵگری ٧ بەرپرسی پلەبەرزی هێزی ئینتزامیی ئێران بوو ١٣ کاتژمێر دوای بێ‌سەروشوێن بوونی لاشەکەی لە نزیک کانگایەکی کانزای "مس" لە بەرزاییەکانی چیای "سەبزەپوشان" دۆزراوەتەوە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی فارس نیوز، لە نێو کوژراوەکانەدا سەردار سادقی، سەرهەنگ خورسەندی و سەرهەنگ دوورگەر و سەرهەنگ فەڕوخی کە فڕۆکەوانەکە بووە ناویان براوە و دوو کوژراوەکەی دیەکەش تەنیا باسی پلەی سەربازیان کراوە کە ئەوانیش ئەفسەرن.

تا ئێستا هۆکاری کەوتنەوخواروەی ئەم فڕۆکەیەی هێزەکانی ئینتزامیی ئێران رانەگەیراوە.

شیاوی ئاماژەیە لە هەفتەی رابردوودا چەکدارانی ئیسلامیی رێکخراوێکی سەر بە سوننەکانی ئەم پارێزگایە هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پۆلیس و لە ئاکامدا ٤ کەسیان لە ئەندامانی هێزی ئینتزامیی ئێران کوشت. دواری رووداوەکە حکومەتی ئێران رایگەیاند سەرجەم بکوژەکانی ئەم کوژراوانەیان دەستگیر کردووە.
Top