تەشی ڕستن كارێكی بەهەرمێنی خانمانە

تەشی ڕستن كارێكی بەهەرمێنی خانمانە
تەشی ڕستن، كارێكی كۆنی كوردانەیە و لەدێر زەمانەوە كاری لەسەر كراوە و تا ئێستا لە گوند و چەند شوێنێكی شاریشدا كاری پێ دەكرێ، تەشی ڕستن كارێكە زیاتر ئافرەتانی كورد پێوەی خەریك دەبن، كردارەكەشی بریتییە لەوەی كە خوری دەكرێت بە داوی باریك و ئامادەكراو و ڕێك، ئەمەش كاتێك مەڕ كاری خوری كردنیان بۆ دەكرێ، دواتر ئەو خورییە دەهێنرێت و پاك دەكرێـتەوە، پاشان دەكرێ بە پارچەی گەورە و تەنك بۆ ئەوەی ئاسان بێ لە دەستی خانمان، دواتر ئافرەتان یان كچان هەندێك خوری لەناو دەستیان دەبێ و یان لە دەستی خۆیانی دەئاڵێنن، لەو كاتەشدا تەشی كە دارێكە ژێرەوەی باریكە و سەرەوەی قولاپێكی پێوەیە، ئەو خورییە لە ناو دەستەوەو هەندێكی بەسەری قولابەكەوە دەخرێ و ئیتر دەسوڕێنرێ، بەم شێوەیە لەسەرەوەش بە پەنچە خورییە گەورەكە تەنك و باریك دەكرێتەوە دەبێتە داوێكی نەپچڕاو، كە زیاتر پاڵپەستۆی پەنچەكان وادەكات لە خوورییەوە ببێتە داو، دواتریش لە خوارەوە بەهۆی سووڕاندنەوە داوەكە لە تەشییەكە دەئاڵێنرێ و كۆ دەبێـتەوە، پاشان لێدەكرێتەوە و دەكرێتە سەركە تۆپێك لە داوی خووری.
Top