خۆربردن مەترسیدارە

خۆربردن مەترسیدارە
خۆربردن Sunburn حاڵەتێكی نەخۆشییە لەئەنجامی بەركەوتنێكی زۆر بە تیشكی خۆری راستەوخۆ یان مانەوە لە كەشی گەرم بۆ ماوەیەكی زۆر تووشی مرۆڤ دەبێت و هەندێك جار ژیان دەخاتە مەترسییەوە ئەگەر چارەسەرێكی خێرای پزیشكی بۆ نەكرێت. تیشكی خۆر كاریگەری دەكاتە سەر هەندێك سەنتەری مێشك كە دەكەونە نزیك ناوچەی مل، دەرەنجام خانەكان بە خوێن دەئاوسێن و پەستانی شلەی دەوروبەریان بەرزدەبێتەوە، بەمەشەوە گرفت لە فرمانی دڵ و كۆئەندامی هەناسە و گورچیلەكان پەیدا دەبێت. لەكاتی خۆربردندا، پلەی گەرمی لەش بەرزدەبێتەوە، رێژەی ئارەقەكردن زۆر زیاد دەكات و لەش شلە و خوێیەكانی سۆدیۆم و پۆتاسیۆم ون دەكات، بۆیە تووشبوو دوچاری وشكبوونەوەیەكی سەخت دەبێت بەتایبەتی پیرەكان و تووشبووان بە نەخۆشی شەكرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، كەمبوونەوەی شلەی لەش راستەوخۆ كاریگەرییەكی خراپ دەكاتە سەر فرمانەكانی مێشك و دڵ و گورچیلەكان. نیشانەكانی خۆربردن بریتین لە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، وشكبوونی پێست بەگشتی، سووربوونەوەی پێستی دەموچاو، سووربوونەوەی چاوەكان، هەستكردن بە هیلاكی، سەرئێشە، گرژبوونەوەی ماسوڵكەكان، پاشان سەرسووڕان و رشانەوە و زیادبوونی لێدانەكانی دڵ و لەهۆشچوون. خۆپاراستن لە خۆربردن ئەنجام دەدرێت بە دووركەوتنەوە لە مانەوە بۆ ماوەیەكی زۆر لەژێر تیشكی راستەوخۆی خۆر، بەكارهێنانی كرێمی دژە هەتاو بە رێنمایی دكتۆر، لەگەڵ زیاد خواردنەوەی شلەمەنی و زیاد خواردنی سەوزە و میوە مەترسییەكانی خۆربردن تا راددەیەكی باش كەم دەكاتەوە بەتایبەتی كەمبوونەوەی سۆدیۆم لە لەشدا كە دەبێتە ئەگەری شێوان و بۆرژان و گرژبوونەوەیەكی شێوە پەركەمیی ماسوڵكەكان و لەوانەشە كە ببێتە هۆی لەهۆشچوون، هەروەها كەمی پۆتاسیۆمیش كاریگەرییەكی نێگەتیڤ دەكاتە سەر ماسوڵكەی دڵ و ماسوڵكەكانی لەش و فرمانەكانی مێشك.
Top