لۆرین بەرزنجی: سەما كردن لەگەڵ گۆرانی كار لە هونەری كوردی ناكات

لۆرین بەرزنجی:  سەما كردن لەگەڵ   گۆرانی كار لە هونەری كوردی ناكات
وەك زۆر لە هونەرمەندانی رۆژئاوای كوردستان لۆرین بەرزنجی هەوڵیداوە دەنگی كپ كراوی هونەرمەندانی ئەو پارچە داگیر كراوە بگەیەنێتە جیهان و ژیانی جگەرخوێن و محەمەد شێخۆ و چەندین هونەرمەند و شاعیری دیكە زیندوو بكاتەوە و بهێنێتە زمان، هەرچەندە ئێستا لە سەرەتای كاروانی هونەری و تەنانەت كاروانی ژیانیشە، بەڵام بەو بەرهەم كەمانەی تا ئێستا پێشكەشی كردوون، ئەوەی سەلماندووە كە وزەیەكی هونەری زۆر لە ناخی ئەم كچەدا پەنگی خواردۆتەوە و خەریكە هێواش هێواش دەردەكەوێت و گۆرانییەكانی دەنگ و سەدایەكی زۆریان لەناو جەماوەردا هەبووە و ئێستاش بەردەوامە، دەتوانین بڵێین لۆرین تا راددەیەكی زۆر خاوەن ستایلێكی تایبەت بە خۆیەتی، هەرچەندە ئەو دەڵێ خۆم بە ستایلی تایبەت نابەستمەوە، لۆرین لەم گفتوگۆیەكدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* چۆن توانیوتە هاوسەنگییەك دروست بكەی بۆ دابەشكردنی كاتەكەت لەنێوان كاری هونەری و كاری رۆژانە بەتایبەتی دوای ئەوەی ژیانی هاوسەریت پێكهێناوە؟
- ئەگەر مرۆڤ مەبەستی بێت، ئەوا دەتوانێت ئەم هاوسەنگییە دروست بكات، هەرچەندە تا راددەیەكی زۆر زەحمەتە و دەبێ هەندێك كار ئەنجام بدات لەسەر حسابی كاری تر كە ئەمەش لەوانەیە زۆرجار زیانی هەبێت بۆ هونەرمەند، بۆیە دروستكردنی ئەم هاوسەنگییە زۆر پێویستە تاكو كارە هونەرییەكەی خۆی پشتگوێ نەخات.
* لە هونەرمەندانی رۆژئاوای كوردستان كامیان زیاتر كاریگەریان لەسەر تۆ هەبووە؟
- بۆ هونەرمەندێكی وەك من كە ئێستا دوور لە وڵات لە ئەوروپا و لە غوربەتی دەژیم و نەمتوانیوە لەو شوێنە بژیم كە لێی هاتوومەتە سەر دنیا، بێگومان هەموو دەنگەكان كاریگەریان بەسەرییەوە هەبێت جا لە رووی كەسایەتییەوە بێت یان گوێگرتن یان لەرووی ستایلەوە بێت، هەڵبەت كەسێكی تایبەت و دیاریكراو نییە یان یەكێك من ئاواتم بووبێت بگەم بە ئاستی ئەو، بەڵام وەك هەر كەسێك كە لە قامیشلۆ دەژیت گوێم لە محەمەد شێخۆ و شڤان پەروەر و ئارام دیگران و عایشە شان و جوان حاجۆ دەگرت، پێموایە ئەمانە و چەندانی تر هەر یەكێك بە ئاستێك كاریگەری بەسەر منەوە هەبووە.
* لە گۆرانییەكانت هەست بە جوڵەیەكی زۆر دەكرێ، هۆكاری ئەم جوڵە بەردەوامە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- منیش نازانم هۆكاری ئەم جوڵە بەردەوامە چییە، بەڵام هەر هونەرمەندێك لەكاتی گۆرانی گوتندا هەستێكی تایبەتی لا دروست دەبێت بەتایبەتی ئەگەر مۆسیقای گۆرانییەكە ریتم و ئیقاعی تێدا هەبێت، پێموایە ئەمە كارێكە لە دەرەوەی كۆنترۆڵی منە و تۆزێك تۆماتیكییە و لەگەڵ مۆسیقادا دەچمە جیهانێكی ترەوە، بۆیە بێئەوەی خۆم بیری لێبكەمەوە، جوڵەكان بەشێوەیەكی نۆرماڵ دێن.
* ئەگەر گۆرانییەكی غەریبیش بڵێی ئەو جوڵانەت هەر دەبێ؟
- بەڵێ بێگومان، چونكە هونەرمەند ناتوانێت وەك ستوونێك بوەستێت، كاتێك مرۆڤ قسە دەكات جوڵەیەك دەكات. لە گۆرانی گوتنیشدا بە هەمان شێوەیە پێموایە دەنگ تەنیا لە قورگ دەرناچێت، بەڵكو هەموو لەش بەشدارە لە دەركردنی دەنگ، ئەگەر گۆرانییەكە غەمگین بێت لەوانەیە هونەرمەند تەنیا جوڵەی دەستی هەبێت نەك وەك ئەوەی لەگەڵ ئیقاعدا دەیكات.
* پێكهێنانی ژیانی هاوسەری كاریگەری سلبی نابێت لەسەر ژیانی هونەری كچە هونەرمەندە كوردەكان؟
- پرسیارێكی زۆر زەحمەتە، چونكە ناتوانم بەناوی هەموو كچە هونەرمەندانەوە قسە بكەم، هەروەها ئەو شوێنەی هونەرمەند لێی دەژیت ئەویش كاریگەری دەبێت لەسەر ئەو مەسەلەیە، بۆ نموونە بۆ كەسێك كە لەئەوروپا دەژیت رەنگە بەو شێوەیە نەبێت و هیچ جیاوازییەك بەدی نەكرێت، بەڵام لەوانەیە لەناوچەی تر بەو شێوەیە نەبێت و هونەرمەند بە چەند كۆت و بەندێك ببەسترێتەوە، بۆخۆم سەبارەت بەم مەسەلەیەوە تا ئێستا هیچ جیاوازییەكم نەبینیوە.
* جیابوونەوەی هەندێك لە هونەرمەندان بەتایبەتی ئافرەتان لە هاوسەرەكانیان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- ئەمەش تا راددەیەك زەحمەتە، چونكە ئێمە لە كۆمەڵگەیەكداین كە ئافرەت زیاتر ئەركی ماڵەوەی لەسەر شانە، بۆیە هەوڵ دەدات لە بەڕێوەبردنی ماڵەوە و لە كاری هونەریشدا سەركەوتوو بێت، بەڵام ناتوانین بڵێین هەڵەكە تەنیا لە كۆمەڵگەكەدایە، بەڵكو مرۆڤ خۆیشی كەمتەرخەمە. ئەگەر مرۆڤ بە جددی بیر بكاتەوە و هونەر بەشتێكی گرنگ و پیرۆز بزانێت لە ژیانی خۆیدا، پێویستە بەردەوام بیت لەسەری. بتەوێ و نەتەوێ سیستەمی ژیان وایە هەندێك شت هەیە لە دەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤە.
* لۆرین (بیری) كێ دەكات؟
- هەر كەس و شتێك شیرین بێت لەبەر دڵم بیری دەكەم، بەڵام لەبەر ئەوەی دایك باوكم لێرە لە سوید نین و لەگەڵیان ناژیم هەمیشە بیریان دەكەم، هەروەها ئەگەر هاوسەرەكەم لێم دووربێت بیری دەكەم و هەمیشە هەندێك شت هەن بیریان دەكەم.
* دایك و باوكت لەكوێ دەژین؟
- ئەوان لە قامیشلۆ دەژین، بەڵام ماوە ماوە سەردانمان دەكەن و دێن بۆ سوید.
* ئەگەر ئێستا لە باشووری كوردستان نیشتەجێ بوای ئایا كاری هونەری زیاترت پێشكەش نەدەكرد؟
- بێگومان لە كوردستان دەرفەتی زیاترم بۆ دەڕەخسا بۆ پێشكەشكردنی زیاتر، لە كوردستان هونەرمەند نزیكە لە گوێگرانی خۆی، كاتێك تۆ لە دەرەوەی وڵات بژی وەك هەر كەسێكی ئاسایی پێویستت بەوە هەیە كارێك بكەی، بەداخەوە لەرێگەی كاری هونەریش ناتوانی ژیانی خۆت دابین بكەی، هەروەها دووركەوتنەوە لە كوردستان وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد كاریگەری خۆی هەیە، بۆیە لە هەر پارچەیەكی كوردستان بوام زیاتر نزیكی ئەو كەسانە دەبووم كە لەزمانی هونەر و مۆسیقاكەی من تێدەگەن.
* هەندێك لە هونەرمەندانی كوردستان ئەوانەی لە دەرەوە دەژین گلەیی ئەوەیان هەیە كە دەسەڵات و حكومەتی كوردی وەك پێویست هاوكارییان ناكات، تۆ چی دەڵێی؟
- ئاگاداری ئەوە نیم كە گلەیی تایبەتییان هەبێت، بەڵام پێموانییە كاری حكومەت هاوكاری كردنی هونەرمەندان بێت، رەنگە حكومەت هاوكاری هونەرمەندان بكات بۆ دامەزراندنی دەزگایەكی تایبەت بە پاراستنی مافی هونەرمەندان و بەڕێوەبردنی زیاتری كاری هونەری و پێشخستنی، وەك هاریكاری ماددیش پێموایە گلەیی كردن لەم بوارەوە لە حكومەت گلەییەكی لەجێ نییە، ئەگەر هاریكاریش پێویست بێت، ئەوا دەبێ پێشكەش بە هونەرمەندانی ناوەوەی كوردستان بكرێت نەك ئەوانەی لە دەرەوە دەژین، هاریكاری كردنی هونەرمەندان لەلایەن حكومەت و كۆمەڵگەوە ئەوەیە كە مافی بەرهەمی هونەرمەندان بپارێزرێ و زیاتر چاودێرییان بكەن یاخود شانۆ و هۆڵی تایبەت ئامادە بكرێ، دژی هاریكاری كردنی ماددی هونەرمەندانم.
* كەواتە تۆ پێتوایە پاراستنی مافی هونەرمەندان باشترە لە هاوكاری كردنیان؟
- بێگومان ئەمە زۆر باشترە، رەنگە زۆر لە هونەرمەندان ئێستا بە تەواوی درك بەو راستییە نەكەن و بەو شێوەیە بیر نەكەنەوە، بەڵام دوای دە ساڵی دیكە ئەم راستییە بە تەواوی روون دەبێتەوە، مخابن نەك تەنیا لە كوردستان، بەڵكو لە رۆژهەڵاتی ناوین بەگشتی مەسەلەی كۆپی كردن و نەپاراستنی مافی هونەرمەندان زۆر باوە و كوردستان لە زۆر وڵاتی دیكە باشترە.
* ئایا تۆ خاوەن ستایلێكی تایبەتی كە پێی بناسرێیتەوە؟
- دیارە هونەرمەندیش وەك هەر شتێكی زیندوو هەمیشە لەسەر یەك ئاراستە نەڕوات، بەڵكو بەپێی پێویست و كات، بۆ نموونە لەوانەیە ئەمڕۆ پێویستم بە ستایلێكی تایبەت بێت و گۆرانی پێ بڵێم، بەڵام لەوانەیە بۆ دواڕۆژ پێویستم بە ستایلێكی نوێ هەبێت، وەك هەندێك كەس وا بیر دەكەنەوە رەنگە ئەمڕۆ ئەو ستایلەی من گۆرانی پێ دەڵێم نوێكاری پێوە دیار بێت یان نزیك بێت لە پۆپ و ریتمی خێرا، بەڵام نامەوێ خۆم بە ستایلێكی دیاریكراوەوە ببەستمەوە، بۆیە ئاساییە ئەگەر بەیانی شتێك بە ستایلێكی نوێی جیاواز بڵێم.
* ئێستا هەندێك لە گۆرانیبێژان هەن سەما كردن بووەتە بەشێك لە گۆرانییەكانیان، ئەم دیاردەیە چۆن دەبینی؟
- سەما كردن لەگەڵ گۆرانی فۆلكلۆری كوردی تا راددەیەك زەحمەتە، لەوانەیە لەگەڵ پۆپ و رۆك و ئەو جۆرە هونەرانە سەما كردن ئاسایی بێت، چونكە هێشتا خەڵك فێر نەبووە و پێی ئاشنا نین، بۆیە باوەڕ ناكەم كاریگەرییەكی زۆری هەبێت لەسەر هونەری كوردی، گۆرانی فۆلكلۆری كوردی زۆر ئاساییە شایی و هەڵپەڕكێی كوردەواری لەگەڵدا ئەنجام بدرێت، نەك سەما كردن.
Top