باكوری: من و شەماڵ سائب یەك كچمان خۆش دەویست

باكوری: من و شەماڵ سائب یەك كچمان خۆش دەویست
هونەرمەند باكوری ناوی تەواوی ئەندریۆس ئیسرائیلە لە 5/11/1928لەشاری كۆیە لەدایك بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لەكۆیە تەواو كردووە، دواتر لەبەر نەبوونی قوتابخانەی دواناوەندی، لەهەولێر درێژەی بە خوێندن داوە، لەساڵی 1952دەچێتە كۆلێژ لەبەغدا و هەر هەمان ساڵ دەچێتە ئیزگەی كوردی بەغدا و یەكەم گۆرانی (هەی مەلەنگێنەو سوكبن دەی دەی ) لەئێزگەی بەغدا تۆماركردووە.


ئا:رۆشنە عومەر

*باكوری....سەربردەی ئەم نازناوە چییە؟
باكوری: كاتێك چوومە ئێزگەی بەغدا بە ناوی (ئەندریۆس)چووم. دوای دوو مانگ رۆژێك بەڕێوەبەری رادیۆ “كامل كاكە “ بانگی كردم وتی: خەڵك نامەمان بۆ دەنرێن دەڵێن ئەندریۆس كێیە حەز دەكەین نازناوێكی كوردیت بۆدابنێین منیش وتم باش، ئەو كات هونەرمەندەكان بە لەقەب دەناسران یاخود لە چ شوێنێك هاتوون بەناوی ئەو شوێنە دەناسران. منیش دایك و باوكم لەلای توركیاوە هاتوونەتە عێراق. ئەوەبوو نازناوی “باكوری”یان بۆدانام.

*هەگبەی بەڕێزتان پڕە، بەڵام حەز دەكەین بزانین تا ئێستا چەند گۆرانی تۆمار كراو و تۆمار نەكراوت هەیە؟
باكوری: ئەوكاتەی كە گەڕامەوە كۆیە دابڕام لەگۆرانی گوتن، چونكە هیچ شوێنێك نەبوو گۆرانیەكانم لێ تۆمار بكەم و بڵاویان بكەمەوە، ئەو كات تەنیا لەرێگەی ئێزگەوە گۆرانی تۆمار دەكراو بڵاودەكرایەوە. تەنیا كاتی ئاهەنگی نەورۆز دەمتوانی گۆرانی بڵێم، زۆرجاریش بەبۆنەی نەورۆزەوە لە ئێزگە میواندارییان دەكردین، ئەو كات گۆرانیەكانم تۆمار دەكردو بڵاو دەكرایەوە. دوای لە ساڵانی هەشتەكان تیپێكم دامەزراند بەناوی “باواجی” كە خۆم سەرپەرشتیم دەكرد، كۆمەڵێك لە گۆرانیەكانم لەسەر كاسێت تۆمار كرد كە تاكو ئێستاش ماومە. دەنا گۆرانی تۆماركراوم نییە. بەڵام ئێستا بەنیازم دیسان لەگەڵ گروپی باواجی گۆرانییەكانم نوێ بكەمەوە بیكەم بەبەرهەمێك.

*بیستوومانە تۆ بێ عودەكەت هەڵناكەی، هۆی ئەم عەشقە بۆ عود چییە و عودەكەت بۆتۆ چی دەگەیەنیت؟
باكوری: دەتوانم بڵێم عاشقی عودەكەم بوومە ناتوانم بێ عودەكەم بژیم، چونكە بۆتە هاوڕێیەكی ژیانی رۆژانەم.كاتێك لەگەڵ هاوڕێكانم دادەنیشم پێمدەڵێن باكوری شتێكمان بۆ بڵی دەڵێم ناتوانم، چونكە عودەكەم پێ نییە.

*ڕات چییە بەرامبەر بەم هونەرمەندانەی كە ئێستا مەقام دەڵێن؟
باكوری:ئێستا كۆمەڵێك هونەرمەند مەقام دەڵێن، دەتوانم بڵێم ئەوە نابێتە مەقام وتن،چونكە مەقام گوتن چەند بنەمایەكی هەیە.كاتی خۆی كە چووم بۆ ئێزگە تاقییان كردمەوە بزانن دەنگم باشە بۆگۆرانی گوتن یان نا. لیژنەیەك دانیشتبوو یەكێك لە ئەندامانی لیژنەكە هونەرمەند (عەلی مەردان )بوو. كە پڕۆڤەم كرد گۆرانیەك و مەقامێكی تاهیر تۆفیقم گووت كە تەواو بووم چووین بۆ لای بەڕێوەبەر لەوێ بەڕێوەبەر بە عەلی مەردانی گوت دەنگی چۆنە؟، گوتی “لەگۆرانی گوتن زۆر باشە، بەڵام بۆ مەقام باش نییە ئامۆژگاری دەكەم كە مەقام نەڵێت. ئینجا سەیری منی كرد و وتی كوڕم تۆ مەقامەكەت باش نەبوو كە وتی گەرتۆ دەتەوێ فێرە مەقام گوتن بی من یارمەتیت دەدەم بۆئەوەی فێربی، چونكە مەقام گووتن چەند بنەمایەكی هەیە ئەوكات دەتوانی مەقام بڵێیت. دەبێت فێر بی گەر، حەز دەكەی من یارمەتیت دەدەم”.

*لە یەكێك لە دیمانەكانت باسی ئەوەت كردبوو كە تۆ و شەماڵ سائیب عاشقی یەك كچ بوون، دەكرێ باسی ئەوەمان بۆ بكەیت؟
باكوری :ئەو كچە (فەوزیە محەمەد)یە ئەویش هونەرمەند بوو لەگەڵمان زۆر جوان بوو من خۆشم دەویست لەبەر ئەوەی زۆر جوان بوو، بەڵام شەماڵ لەناخەوە خۆشی دەویست كاتێك دەچووە ماڵی ئەڵماس محەمەد منیش لەبەر شەماڵ دەچووم لەگەڵی، چونكە دەمزانی فەوزیەش دەیەوێ. شەماڵ سایب گۆرانی (هەرێ لەیلێ)ی لەبەر فەوزیە گوت، چونكە شەماڵ پێش ئەوەی فەوزیە ببینێت و گۆرانیەكی هەبوو بەناوی (لەیلێ).

* راستە دەڵێن جەنابتان لەگەڵ ژمارەیەك هونەرمەندی بەناوبانگی عەرەب ئاهەنگتان ساز كردووە؟
باكوری: من لەگەڵ هیچ گۆرانیبێژێكی عەرەبی گۆرانیم نەگوتوە، چونكە ئێزگەی عەرەبی جیابوو لەگەڵ ئێزگەی كوردی دەمناسین،بەڵام گۆرانی و ئاهەنگم لەگەڵ نەگێڕاون. نەك گۆرانیبێژانی عەرەبی تەنانەت لەگەڵ گۆرانیبێژانی كوردیش گۆرانیم نەگوتوە، چونكە ئەو كات قوتابی بووم.

*ئێوە كاتی خۆی سوودتان لە ئاواز و گۆرانی عەرەبی وەردەگرت؟
باكوری: دووجار سوودم لە ئاوازی عەرەبی وەرگرتووە یەكیان گۆرانیەكی (سەباح)بوو كاتێك كە ئەم گۆرانییە دەرچوو زۆر حەزم لێدەكرد بە مامۆستا “مەجید ئاسنگەر”م گوت كەتێكستێكم بۆبنوسێت كردم بەگۆرانی ئەوەی تریشیان هی هونەرمەند”محەمەد عەبدولوەهاب” بوو تێكستەكەی هی “كەریم شارەزا” بوو.لە هەردوو گۆرانیەكە تەنیا سوودم لەیەك كۆپڵە وەرگرت . ئەو كات هەموو هونەرمەندەكان سوودیان لەئاوازی عەرەبی وەردەگرت، چونكە ئاوازدانەری كوردی كەم بوو، بەڵام ئێستا گوناحە هونەرمەندەكان سوود لەئاوازی بیانی وەردەگرن، چونكە ئاوازدانەری زۆرباشمان هەیە.

*لە هونەرمەندە نەمرەكان كامیان زیاتر برادەرت بوون؟
باكوری: یادگاریم لەگەڵ هونەرمەندە نەمرەكان هەیە، كاتێك كە چوومە ئێزگەی بەغدا هاوڕێیەتم لەگەڵ هەموویان پەیداكرد وەك “شەماڵ سایب و عەلی مەردان و نەسرین شێروان و تاهیر تۆفیق.....” هەموو جار شەوانە دەچووینە ماڵی “ئەڵماس محەمەد و نەسرین شێروان” گۆرانیمان دەگوت و قسەی خۆشمان دەكرد،بەڵام زیاتر لەگەڵ شەماڵ سایب هاوڕێ بووم و یادگاری خۆشم لەگەڵی هەیە.
Top