ژیان ئیبراهیم خەیات: عارەبانچیەك پێی گوتـم دە حەزێكیش لە ئێمە بكە

ژیان ئیبراهیم خەیات: عارەبانچیەك پێی گوتـم دە حەزێكیش لە ئێمە بكە
ژیان كچی هونەرمەند ئیبرایم خەیاتە لەسلێمانی لەدایك بووەو پەیمانگای هونەرەجوانەكانی سلێمانی تەواو كردووە، لەبواری شانۆدا چەندین ساڵە سەرقاڵی كاری نواندنە و بەشداری چەندین شانۆگەری و دراماو كورتە فیلمەكانی كردووە، وەك گەڵاكانی هەڵوەرینی ژیان، چەندین كاری فیلمی كردووە وەك خولە پیزە، ژانی گەل و دوا كاریشی فیلمێك بوو لەگەڵ دەرهێنەر شەوكەت ئەمین بەناوی شوێنێك بۆ یاری لە فێستیڤاڵە جیهانیەكاندا نمایشكراوە، وەك هونەرمەندێك كە چەند ساڵێكە لەم بوارەدا كار دەكات چەندین خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە، ئێستا مامۆستایە لەباخچەی ساوایانی سەرچنار خزمەت بەنەوەی داهاتوو دەكات.


ئا/ ژینۆ عەلی


لە منداڵیەوەكاری نواندنم كردووە
سەرەتا ژیان خان دەڵێ: لە بنەماڵەیەكی هونەریم و باوكم كەسێكی هونەری دیاربوو، لەبیرمە لە منداڵیەوە لەگەڵ خوشك و براكانم كاری نواندنم لەماڵەكەی خۆماندا دەكرد، دیارە خۆشەویستیم بۆ كارەكەم و حەزوو ئارەزووەكانم وای لەمن كرد، بەردەوام بم و هەریەك لە خوشك و براكانم بوارێكی تری هونەریان هەڵبژاردووە، هیچ جیاوازییەكیش لە بواری هونەردا نابینمەوە هەموویان تەواوكەری یەكترن، شانۆ یان موزیك یاخود گۆرانی وتن، خۆشەویستیمان بۆ كارەكە توانیومانە هەریەكەمان بە شێوەیەكی باش دەربكەوین لە بواری هونەریدا.


نابێت لە رۆڵ بینینم ژیان بم
كاری رۆڵ هەڵبژاردن لە هەر درامایەكدا كارێكی زۆر قورسە، تابتوانیت بەقەناعەت بێیت بۆ ئەو دەورە، ئەو رۆڵەی كە دەیبینیت دەبێت كەسایەتیەكی باشی هەبێت و لەلای خەڵك بە جوانی بكەوێتەوە و كاریگەرییەكی باشی هەبێت لە ناو خەڵكدا، لە رۆڵ بینینەكانمدا ئەوەی لە ناخمدا هەبووە توانیومە وەك خۆی بیگەیەنم، هەستم بە ئازاری ئەم گەلە كردووە، رەنگدانەوەی لەسەر ئافرەت هەبووە، دیسانەوە من بیكەم بە دراما بەشداری خەمەكانیان بم، بیگەیەنم بە بینەر. هەندێك جار نەبوونی پێداویستی ئەو توانایەی كە هەمانە وەك خۆی نایگەیەنێت، هەرچەندە توانیومە وەك دایكێكی پێشمەرگە كە لە سەردەمێكی پێشتر ئەو ئازارەی هەبووە بە دوای كوڕەكەیدا گەڕاوە توانیومە هەموو ئەمانە لەم ساتەدا بگەیەنم. بۆ رۆڵگێڕان لەسەر كەسایەتی ژیان نامێنم، دەبم بەو كەسایەتیە كە پێم دەدرێت، بۆ نموونە بووم بە شەوبۆ كە كچێكی كەڕوڵاڵ بوو. كەچەندین ئەشق و خۆشەویستی بۆ رەگەزی بەرامبەری هەبوو.


خۆشەویستی تەنیا بە زمان دەرنابڕدرێت!
رۆڵی شەوبۆ لەناو جەماوەردا زۆر بە جوانی باسی لێوە دەكرا، لە بەرامبەر ئەوەشدا خەڵك خۆشەویستیەكی بۆ ئەو كۆمەڵە كەسە هەیە كەتوانای قسەكردنیان نییە، هەوڵمدا زۆر جوان ئەو دەورە ببینم، بۆئەوەی خەڵك زیاتر گرنگی بەو دەورە بدات و بیەوی وەك خۆی دەورەكە ببینێ كە كچێكی ئاشقەو زمانی دەربڕینی نییە نەڵێت ئەكەومە بەر توانج لێدان. تەنیا توانجێك لێم درابێت عارەبانچییەك بوو وتی دە حەزێكیش لە ئێمە بكە، هۆكاری ئەو توانجەش كاریگەری دەورەكەیە لەسەر بینەر، خۆشەویستیەتی بۆ ئەو دەورە و بە زیندوو مانەوەی ئەو دەورەیە لەلای بینەر.


سۆران برامە بەڵام هەموو كارەكانی من ناناسێت
بەحەقی خۆمانی دەزانین ئەگەر لەبەرنامەی میوانی تۆین بەشداربین، بەڵام پێشكەشكاری ئەو بەرنامەیە بەرنامەمان بۆ ناكات، چەندین جار لەسەری قسەمان كردووە و زۆریش بە هەندی وەریناگرین، ئەگەر هەر هونەرمەندێك بەشداربێت ئەوانیش هاوپیشەی ئێمەن و وەك ئێمە كاردەكەن. پێمان خۆشە ئەوان بەشداربن هەرچەندە پێشكەشكاری ئەو بەرنامەیە دەڵێت من خۆم وەڵامی هەموو پرسیارەكانم لایە، راستە ئێمە خوشك و براین، بەڵام كاری هونەریمان زۆر وردەكاری تێدایە. كە رەنگە ئەویش و خەڵكیش نەزانێت هەرچەندە بەرنامەیەكی زۆر جوانە و جیاوازترە لەبەرنامەكانی تر، كاتێكی خۆشی تێدایە بۆ بینەر و هونەرمەندیش.


پاركەكانی ئەم شارە یادگارییەكانی باوكمە بۆ من
بەشێك لە یادگارییەكانی باوكم خۆشەویستی بوو بۆمان، یادگاریم لەگەڵ باوكمدا زۆرە بە تایبەت لە منداڵیدا، چونكە باوكم یەكێك بوو. لەو كەسانەی كە منداڵی زۆر خۆشەویست، هەرچەندە سەرقاڵی هونەر و سیاسەت بوو. بەڵام لەهەمووی گرنگتر و جوانترین یادگاری كە پێی بەخشیووم خۆشەویستی هونەر بوو كە دەتوانم بڵێم لەلایەن باوكمەوە ئەو خۆشەویستیەمان وەرگرت، چوونە دەرەوەو سەردانی سینەماو باخچەو پاركەكانی ئەم شارە لەگەڵ باوكمدا هەمووی یادگاری ئەوە بۆمن ماوەتەوە.


خەڵك قەیرانی شانۆی دروست كردووە
شانۆ هەر بووەو هەر دەشكرێت و هەر دەشبێت، هەموو ئیشێكی خراپ كۆمەڵێك ئیشی باش بەدوای خۆیدا دێنێت، بوون و نەبوونی شانۆ كەمتەرخەمی و ئامادەنەبوونی خەڵكە، خەڵك ئەو ئارەزووەی نەماوە بۆ شانۆ، ئەگەر شانۆییەكی جدیات بكەی لەسێ رۆژ تێپەڕ ناكات، لەپەیمانگا ئێمە ساڵی دوو شانۆمان كردووە، چونكە خەڵك پێیەوە پەرۆش بووە، جێگە نەبووەتەوە بۆ بینینی، بەبوونی خەڵك بەردەوام شانۆ زیندووە، هۆكارێكی تری قەیرانی شانۆی ئێستا ئەو عەشق و خۆشەویستیەی جاران لەپەیمانگاكاندا دەكرا لەبواری شانۆدا ئێستا ساردبووەتەوەو پەیمانگاكانی ئێستاو خوێندكارانی ئێستای شانۆكار ناتوانن بیكەن و بەزیندووی رایبگرن. كەناڵەكانی راگەیاندن هۆكارێكن بۆ زیندوو راگرتنی، دەبێت بەنەوەی ئێستای رابگەیەنێت شانۆ قوتابخانەیە، دەبێت هەوڵی نمایش نەكردنی هەندێ كار هەیە نەیكات، تا كارەكانی تریش ناشیرین نەكات و تابتوانێت شانۆ لە سروشتی جوانی خۆی بمێنێتەوە.


ژنە مەلا بووم بەڵام نەیانهێشت!
ئاریا یەكێك بوو لەدراما راگیراوەكان كە دوای ئەرك و ماندووبوونێكی زۆر نمایش نەكرا، هەرچەندە جیاواز تر لەدەورەكان رۆڵم تێدا بینوە كەدەورێكی زۆر سەرەكی بوو، ئەویش ژنە مەلا بووم، بەڕاستی یەكێك بوو لە ناخۆشترین ئەوكارانەی بەرامبەرمان كرا، لەگەڵ ئەوەی رێزێكمان لێنەگیرا بەبێ رێزێك بۆ ئەكتەرەكە دراماكە راگیرا، دەزگاكانی راگەیاندن خۆشیان هۆكاربوون بۆ راگرتنی ئەو درامایە، هەروەها رێزی خەڵك نەگیراوە كە ئامادەبوون تا كۆتایی دراماكە سەیر بكەن و دواتر بڕیاری لەسەر بدەن.


كاری داهاتووم درامایەكی راگیراوە
كاری داهاتووم بەشداریكردنم بوو لەدرامایەكدا بەناوی رۆژگارە تەریبەكان لەگەڵ دەرهێنەر كامەران رەئوف كە دووڕۆژیش كاری وێنەگرتنی بۆ كرا، بەڵام ئەوەش راگیراوەو هۆكاری راگرتنەكەشی نادیارە، بڕیارە جارێكی تر دەست بكرێتەوە بەوێنەگرتنی، بڕیارە لەدرامایەكی تردا بەشداربم لەگەڵ دەرهێنەرێكی فارسدا كە كۆمپانیایەكی بەریتانی كاری بۆدەكات، بەڵام تا ئێستا دەست نەكراوە بەو كارە وەك ئەكتەرێك دەست نیشانكراوم بۆ ئەو درامایە كە بەشداربم.
Top