هونەرمەند رزگار رەنجەڕۆ: گەورەیی عەدنان كەریم لەوەدایە كە لەناو شیعرەكەدا دەتوێتەوە

هونەرمەند رزگار رەنجەڕۆ: گەورەیی عەدنان كەریم لەوەدایە كە لەناو شیعرەكەدا دەتوێتەوە
هونەرمەند رزگار رەنجەڕۆ ناوێكی دیارە لەدنیای هونەری كوردیدا، كەم كەس هەیە گوێی لەگۆرانییەكانی نەگرتبێت، ئەو لەسەختترین كاتدا بەگۆرانی وتن هەڵوێستی خۆی نواندووە. تەمەنێكی پڕ لە خزمەت كردن بەهونەری كوردی ناونیشانی ئەزموونی هونەری هونەرمەند رزگار رەنجەڕۆیە. جگە لەكاری هونەری هەوڵیداوە وەك پسپۆڕێك لەبواری راگەیاندن و مامۆستای زانكۆ خزمەت بكات، بەنیازیشە لەداهاتوودا بڕوانامەی دكتۆرا بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە یەكەمین هونەرمەندی كورد كە خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا بێت.ماوەیەكی زۆرە بێدەنگە و لە هیچ دیمانەیەك بەدیار نەكەوتووە، ئێمەش بۆ زانینی نهێنی ئەو بێدەنگییە و باسكردنی ئێستای هونەری كوردی و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەكی گەش لەژیانی هونەری خۆیدا بەپێویستمان زانی دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام بدەین.

*بەشێوەیەكی گشتی رات چییە دەربارەی ئێستای هونەری كوردی؟
_لەئازادبوونی هەر میللەتێك زۆر شت بەرەو گۆڕان دەڕوات،بەرەو پێشكەوتن دەڕوات،هونەر ناسنامەی گەلە، بەتایبەتی گەلێكی چەوساوەی وەكو كورد كە تاكو ئێستاش نابێت وابیر بكەینەوە دوژمنەكانمان خەوتوون، چونكە خۆیان مەڵاس داوە بۆ ئەوەی پەلامارمان بدەن و ئەنفالمان بكەن.كە ئێستا ناتوانن ئەنفالمان بكەن، هەوڵ دەدەن هەندێك كەس لێرە و لەوێ ناسنامەكانمان بشێوێنن. تۆ سەیر بكە رژێمی بەعسی هەموو هێزێكی بەكارهێنا نەیتوانی ناسنامەی ئێمە بسڕێتەوە، بەڵام یەكێك دێت بەناوی پێشكەوتن و نوێخوازی و ستایلی نوی هەموو هونەرەكەت لێدەشێوێنێت. هەرچەندە گەلی كورد گەلێكی هۆشیار و زیندووە، زمان و كولتوورێكی زیندووی هەیە، وایكردووە ئەو بەرهەمانە چەند رۆژێك گوێی لێبگیرێت و دواتر نامێنێت، بەڵام ئەگەر لەمن بپرسن رای تۆ چییە؟ ئەوە شێواندنێكی زۆر ئاشكرای هونەری كوردییە. بەدەیان ئەو بەرهەمانەی لەتەلەفزیۆنە كوردییەكان دەیبینین هیچ پێوەندییان نییە بە هونەر و موزیكی كوردی، خەڵك ئەوەندە هۆشیارە ئێستا لەسەر سایتەكانی ئینتەرنێت گۆرانییە دزراوەكانیان ئاشكرا كردووە ئاوازە عەرەبیەكە یان توركی یان فارسی هێناوە و بەراوردی كردووە لەگەڵ ئەو ئاوازانەی كە دەڵێن ئاوازی منە و لە تەلەفزیۆن پەخش دەكرێت، دەبینیت هەمان ئاوازە.
*هەندێك هونەرمەند گلەیی ئەوە دەكەن كە بۆچی هاوكاری ئەو كەسانە دەكرێن لەلایەن دەسەڵاتەوە؟
_من گلەیی لە دەسەڵات ناكەم، كەسێك دێت هەموو شتێكی دەدەیە دەست، بەڵام ئەو راستگۆ نییە دەسەڵات چی بكات، بەگشتی هونەرمەندانیش هەڵوێستیان نییە، دەبێت هەموو هونەرمەندان پڕۆتستۆ نامەیەك بنووسن و ئیمزای بكەن و بیبەن بۆ دەسەڵات بڵێن ئەم ستایلە هیچ خزمەت بە هونەری كوردی ناكات. ئەمە پێشكەوتنی مۆسیقا نییە، بەڵكو درۆكردنە لەگەڵ هونەری كوردی. ئەمە پێی دەوترێت شێواندنی هونەری كوردی. ئەو وڵاتانەی خاكی ئێمەیان داگیر كردووە دەرگای ستۆدیۆكانیان بەڕووی ئێمەدا كردۆتەوە، ئەو موزیكژەنە بیانیانە بە فارسی یان توركی كاری مۆسیقا ئەنجام دەدات منداڵێكی كورد بەكوردی گوێی لێنابێت، ئەو مۆسیقایە مۆركی نەتەوەیی موزیكژەنەكەی پێوە دیارە.
*وەك پسپۆڕێك لەبواری راگەیاندن و وەك هونەرمەندێك رات چییە دەربارەی رۆلی راگەیاندنی كوردی لەبواری هونەردا؟
_جێگەی خۆشحاڵیە كە راگەیاندنی كوردی بەرەو پێشەوە چووە، خۆشبەختانە ئێمە راگەیاندنی ئازادمان هەیە ئەمە بەمێژووی راگەیاندن دەژمێردرێت. بەڵام تاچەند رۆڵی خۆی بینیوە و راگەیاندنی راستەقینەیە ئەمە پرسیارەكەیە. بێگومان كەموكورتی زۆرە.
*پێتوایە تا چەند ساڵی تر راگەیاندن و هونەری كوردی دەگاتە ئاستی وڵاتە پێشكەوتووەكان؟
_تەنیا هەنگاوێك بۆ بەرەو پێشچوونی گشت بوارەكان، پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیایە، پاراستنی ئەم كیانەی ئێستایە، هەستی نەتەوایەتی كاتی خۆی چەند بەرز بوو، دەبێت ئێستا دوو ئەوەندە بەرزتر بكرێتەوە. ئاستی زانست و خوێندن بایەخی پێبدرێت و هەوڵ بدرێت بۆ بەئەكادیمی كردنی سەرجەم بوارەكان. وەك ئەڵمانیای دوای جەنگی جیهانی دووەم كە بیست ساڵی نەخایاند هاتەوە سەر رێچكە و شارستانیەتی خۆی.
*بۆچی ماوەیەكە بێدەنگیت و بەرهەمت نییە؟
_هونەر لەوڵاتی ئێمە هێشتا سەنگی وەك پێویست نییە، هەندێك بەرهەمی زۆر جوانم هەیە، گەیشتمە ئەو بڕیارەی زۆر زەحمەتە هونەرمەندێك 40 ساڵ لەناو هونەردا بێت بەماوەی شەو و رۆژێك بڵێت ناتوانم كاری هونەری پێشكەش بكەم. هەوڵ دەدەم ئەوەندەی پێم بكرێت بەهەر رێگەیەك بێت خزمەتی نەتەوەكەم بكەم.
*تا ئێستا چەند بەرهەمت هەیە؟
_ دەزانم هەموو ژیانی خۆم بۆ خزمەتی هونەر و میللەتی خۆم تەخان كردووە. لە كۆڕەوەكە تەنیا من و هونەرمەندی گەورە عەدنان كەریم بەرهەممان پێشكەش كرد، ئەو (كۆچی كوردان) منیش (تاكەی كوردستان نەورۆزی ساڵ بێت)، لەكاتی هەڵەبجە و ئەنفال و كیمیاباران بەرهەمم پێشكەش كرد، لەكاتی بەیاننامەی یازدەی ئازار كە تەمەنم نۆ ساڵ بوو سروودێكم ئامادە كرد بۆ رادیۆی كوردی، بۆیە لای من گرنگ نییە چەند بەرهەمم هەیە گرنگ ئەوەیە تاچەند خزمەتی هونەری كوردیم كردووە.
*بەبەراورد لەگەڵ ئەو كارە هونەریانە لەو كاتە سەختانەدا هەست ناكەی مافی تەواوی خۆت پێنەدراوە؟
_نەخێر بۆ هەست بكەم مافم خوراوە.
*زۆر هونەرمەند گلەیی دەكەن دەڵێن مافمان خوراوە؟
_ هەر كارێكی هونەریم كردبێت بۆ ویژدانی خۆم بووە و دواتر وەك پێشمەرگەیەك خزمەتی میللەتی خۆم كردووە. قەت چاوەڕوانی ئەوەم نەدەكرد پاداشت بكرێم و چاوەڕوانیش ناكەم. لەبەر ئەوەی تۆ كە شتێك دەكەی بۆ میللەتی خۆت نابێت چاوەڕوانی پاداشت بیت.
*زیاتر ئارەزووت لەكاری هونەرییە یان راگەیاندن یان بواری تر؟
_زۆر حەزم لەشیعرە، هەندێك شیعری جوانم هەیە هیوای ئەوە دەخوازم رۆژێك لەڕۆژان چاپیان بكەم. كە دیوانێكی شیعری دەبینم حەز دەكەم ئەوكاتە بیخوێنمەوە. من گەورەیی هونەرمەندێكی وەك عەدنان كەریم لەوەدا دەبینم كە لەناو شیعرەكەدا دەتوێتەوە. بۆیە ئاواز و هەست و سۆزی بەئاسانی دەردەبڕێت.
*پێتوانییە بە بەراورد لەگەڵ هونەرمەند عەدنان كەریم ئەو زیاتر بەرهەمی پێشكەش كردووە لەماوەی رابردوودا؟ هۆی ئەمە چییە؟
_ زۆر هەوڵمدا، بەڵام هەستی نەتەوایەتی ئەوەندە كاریگەری هەبووە، پێموابوو هونەر بەس نییە بۆ ئەوەی خزمەتی نەتەوەكەمی پێبكەم. هەوڵمداوە لەڕێگەی جۆراوجۆر. لەماوەی ئەو سی ساڵەی لەدەرەوە بووم زیاتر لە بیست فیستیڤاڵی جیهانی بەشداریم كردووە. ساڵی 1988 لەگەورەترین فیستیڤاڵی جیهانی بەشداریم كرد.
*گوێ لە دەنگی كام هونەرمەند دەگریت؟
_ كچە هونەرمەندی باكووری كوردستان ئاینور، عەدنان كەریم، بەهجەت یەحیا، سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی، مەقامەكانی مامۆستا تایەر تۆفیق، نازدار و فاتێ و زۆر هونەرمەندی تر. دەنگی زۆر بەسۆز هەیە ئەوەی هەستم بجووڵێنێ گوێی لێدەگرم.
*زۆر باسی هونەرمەند عەدنان كەریم دەكەی پێدەچێت پێوەندی هاوڕێیەتی نێوانتان بەهێز بێت؟
_ كاك عەدنانم خۆشدەوێت، چونكە هونەرمەندێكی رۆشنبیر و خاوەن هەڵوێستە، رێز لەهەموو ئەوانە دەگرم كە رۆشنبیر و خاوەن هەڵوێستن.
*دوا وتەت چییە بۆ گەنجان؟
_دەبێت هەموو گەنجەكان پشتگیری لە كاك نێچیرڤان بارزانی بكەن، گەنجێكی ئازا و چاونەترسە،دەبێت گەنجانی ئەمڕۆ بەردەوام بن لەهەوڵدان و پشتگیری كاك نێچیرڤان بكەن بۆ خزمەتكردنی كوردستان.
Top