ئالان عومەر : كەناڵەكان بە میزاجی خۆیان كلیپ دادەبەزێنن

ئالان عومەر : كەناڵەكان بە میزاجی خۆیان كلیپ دادەبەزێنن
خانمە هونەرمەند ئالان عومەر چەند ساڵێكە لە ئەوروپا ژیان بەسەر دەبات، بەڵام لەو ماوەیەی كە لە ئەوروپا بووە وەك پێویست بەرهەمی هونەری نەبووە، چونكە خاوەن توانایەكی هونەری بەرزە و جەماوەر چاوەڕێی زیاتری لێدەكات، بەڵام ڕەنگە ئەمە لەبەر سەختی ژیانی ئەوروپا و خۆگونجان بێت لەگەڵ ئەو ژینگەیە نوێیەی كە ئێستا ڕووبەڕووی بوویتەوە، ئالان عومەر بەمشێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

دیمانە-رۆشنە عومەر


* سەرەتا باس لەدوایین كارەهونەرییەكانی خۆت بكە؟
- دواین كاری هونەریم دوو بەرهەمە، یەکیان لە ئاواز و تێكستی هونەرمەند نەریمان بابانە و بەرهەمەكەی تر بۆ ئاشتی-یە كە لە ئاوازی هونەرمەند هەڵكەوت زاهیرەو تێكستی خۆمه،‌ بە شێوەی دیۆ لەگەڵ گۆرانیبێژ سیریل کردومانە، لەم ڕۆژانە كاری ئەو بەرهەمەش تەواو دەبێت و كاری میوزیكی لە توركیا بۆ كراوە.

* بۆچی لەبەرهەمی ئەم جارەت ستایلێكی جیاوازت بەكارهێناوە؟
- پێموایە هونەرمەند دەبێت متمانەی بەخۆی هەبێت بۆ هەر كارێك كە دەیكات، ئەو ستایلەی من هەڵمبژاردووە هەوڵی بەرفراوانکردنی زیاتری توانا هونەریەکانمە، مەبەستمە لەسەر هەموو ستایلێک کار بکەم.

* دوای چوونت بۆدەرەوەی وڵات بەشداری زۆر ئاهەنگت كردووە، چالاكیە هونەریەكانی دەرەوەی وڵات چۆن هەڵدەسەنگێنی لەگەڵ هی كوردستان؟
- چالاکی هونەری موزیک دوو شێوەن کۆنسێرت و ئاهەنگ، لە ئەوروپا زیاتر ئاهەنگ و چالاکی هونەری دەکرێت، بێگومان ئەوەش بۆ دەربڕینی خۆشی و شادی خەڵک دەکرێت و وەک ئاهەنگی خۆشی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، لەئاهەنگدا ناتوانی بەپێی پێویست کارێک بکەی کە زیاتر خزمەت بە پێشخستنی هونەرەکەت بکات، چونکە خەڵک دێتە ئاهەنگەکان زیاتر بەمەبەستی هەڵپەڕکێ و دەربڕینی خۆشی دێت، تۆش ناچاری خزمەتی ویستی بەشداربووانی ئاهەنگەکە بکەی، لە ئاهەنگدا تۆ ناتوانی ستافێکی باشی موزیک و ئەندازیارێکی دەنگ لەگەڵ خۆت بەشداری پێبکەی، چونکە سازدەرانی ئاهەنگ نایانەوێ خەرجی زۆر بکەن، ئەوەش یەکێکی تر لە هۆکارەکانی کرچ و کاڵی ئاهەنگەکانە، بەڵام کۆنسێرت شتێکی ترە لەکۆنسێرتدا تۆ دەتوانی خزمەت بەهونەرەکەت بکەیت، چونکە هەم دەتوانی ستافی باشی موزیک و هەم ئەندازیاری دەنگ لەگەڵت بێت، هەم ئامادەبووی کۆنسێرتیش بۆ بیستنی بەرهەمەکان دێت، دەیەوێ لە جەوێکی هونەریدا کات بەسەر ببات و تەنیا مەبەستی شایی و دەربڕینی خۆشی نییە. لە ئەوروپا زۆر کەم کۆنسێرت ساز دەکرێت و زیاتر چالاکیە هونەریەکان ئاهەنگن، بەڵام لە کوردستان لەگەڵ ئاهەنگەکان کۆنسێرتیش ساز دەکرێت، بۆیە بێگومان چالاکییەکانی کوردستان زیاتر لە خزمەتی هونەردان.

* گوایە ئێستا لەسوید لەگەڵ كۆمپانیایەكی هونەری كاردەكەی ئەمە تاچەند ڕاسته؟
‌ - ئەوە ڕاست نییە تەنیا كۆمپانیایەك بوو بەناوی ڕای كوالیتی بۆ‌ بەرهەمهێنانی كلیپ، كلیپێكی بۆ كردم لە وڵاتی فینلنده، ئێستا‌ تەنیا خوێندكارم و دەخوێنم و هیچی تر.

* گوایە هونەرمەند كازم ساهیر هەڵسەنگاندنی لەسەر دەنگی تۆ كردووەو وتویەتی بە ئەساڵە نەسری دەچێ؟ ئەمە تاچەند ڕاستە؟
- شتێکی وام نەبیستووە، بەڵام لە بۆنەیەک کازم ساهیرم بینووە و تەنیا تەعاروفێکمان کردووە.

* بۆچی ئێستا لەشاشەكان دەرناكەوی؟
- من لەزۆربەی ئاهەنگ و یادەكانی نەورۆز لە ئەوروپا و بەرنامەی تایبەت لە تیڤی بەشدار بووم، بەڵام لەوانەیە میدیاكانی خۆمان بێئاگا بن و كەم تەرخەمیان هەبێت بۆ گەیاندنی كاری هونەری من، ئەگەر نا بێ كار دانەنیشتووم، خۆشتان دەزانن کەناڵە کوردیەکان دەیانەوێ هونەرمەند بچێت لەبەردەرگاکەیان بوەستێ تا گرنگی بەکارەکانی بدەن، ئەوەش بە من ناکرێت و ناشیکەم، من نازانم لە ساڵێکدا لە ڕێی تیڤیەکانەوە چەند هونەرمەند داوەت دەکرێت بۆ کوردستان و سازکردنی چالاکی هونەری لەگەڵ ئەو تیڤیە، جیا لەوەی چاوەڕێن سودفەی هونەرمەندێک بکەن و بانگی بکەن بۆ فەراغی شاشەو پرۆگرامەکانی خۆیانی پێ پڕ بکەنەوە.

* بەم دوایانە كلیپێكت كرد، بەڵام لەشاشەكان دانەبەزی؟ هۆكارەكەی چی بوو؟
- نازانم هۆكەی چییە، دەکرێ لە کەناڵەکان بپرسن، بەڵام ڕەنگە ئەو کەناڵانە کێشەیەکیان لەگەڵ یەکێک لە کاراکتەرەکانی بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمە هەبێت، هەموو كەناڵەكان بەپێی حەزو میزاجی خۆیان كلیپ وەردەگرن و دای دەبەزێنن، بۆیە ئەم گلەییانە بەردەوام هەیەو دەكرێت و پرسیاریشی زۆر لەسەرکراوە‌، ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە کاری خۆم دەکەم، کەناڵ بڵاوی دەکەنەوە یان نا ئەوە پێوەندی بەخۆیانەوە هەیە،‌ من داوا لە هیچ کەناڵێک ناکەم، بەڵکو دەبێت ئەوان داوا لەمن بکەن.

* بەرهەمێكت لەگەڵ هەڵكەوت زاهیر كرد، بەنیاز نیت بۆ بەرهەمی داهاتووشت كار لەگەڵ ئەو بكەیتەوە؟
- من ئەلبومێكم لەگەڵ هونەرمەند هەڵكەوت زاهیر كرد و‌ داهاتووش نازانم چۆن دەبێت، بەڵام هیچ سەرنجێکم لەسەر کارەکانی هەڵکەوت زاهیر نییە کە ببێتە هۆی ئەوەی کار نەکەم لەگەڵ بەڕێزیان و کارەکانیم زۆر لەلا جوانە، بەهیوام لەداهاتووش بتوانین پێکەوە کار بکەین.
* جیابوونەوەت لەچەتۆ نەورۆز تاچەند كاریگەری هەبوو لەسەر كارەكانت؟
- هیچ كاریگەری نییە و نەبووه،‌ چونكە دەنگم هەیە و پشت بە توانای خۆم دەبەستم نەك کەسی تر، بەڵام ڕەنگە جیابوونەوەی من لە ئەو کاریگەری لەسەر کاری ئەو هەبووبێت، چونکە من دوای ئەوەش خەریکی کار و بەرهەمی خۆمم و بێ بەرهەم نیم، بەڵام ئەو چەند بەرهەمی دوای من هەیە؟ لەگەڵ کام هونەرمەند توانیویەتی بەرهەمێکی باش بکات؟
* سلێمانی لای تۆ چی دەگەیەنیت؟
- سلێمانی بەشێکە لە ڕۆحم، خۆشەویستی من بۆ سلێمانی وەک خۆشەویستیمە بۆ دایكم،‌‌ بیری کوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی دەكەم.
* زۆر جار كاری ڕاگەیاندن دەكەی و شت دەنووسی؟ كاری گۆرانی وتن و كاری ڕاگەیاندن دوو كاری جیان، هەست دەكەی لەكامەیان زیاتر سەركەوتوو تری؟
- کاری ڕاگەیاندن و هونەری گۆرانی لە جەوهەردا دوو شتی لەیەک جیاواز نین، بەڵام لە ئالیەتی بەجێگەیاندن و شێوازیان ڕەنگە لەیەک جیاواز بن، ڕاگەیاندن بەردەوام مەبەستی گەیاندنی شتێکە، گۆرانیش بەهەمان شێوە بەردەوام شتێکی پێیە و دەیگەیەنێتە بیسەرەکانی، بۆیە لەو بارەوە هەردووک بوارەکە یەک ئەرکیان لە ئەستۆیە کە گەیاندنە، من بەر لەوەی گۆرانی بێژبم، لە ڕاگەیاندن كارم كردووە وەك پێشكەشكاری بەرنامە ‌سەرەتا لە كەناڵە ناوخۆییەكان دەستم پێكردووە دواتر پەیامنێر بووم. بۆیە لەهەردوو بوارەکەدا خۆم دەبینمەوە و بەهیوام بتوانم گرنگی زیاتریشیان پێبدەم.
* خۆت پەیمانگات تەواو كردووە بەشی پزیشكی، بەنیاز نیت كار لەو بەشە بكەی كە تەواوت كردووە؟
- بە دڵنیاییەوە ئێستا بە نیازم لەو بوارە زیاتر بخوێنم و كاری تێدا بكەم، خزمەت بە پیشەكەم بكەم كە كاری بەنج كردنە لە ژووری نەشتەرگەری.
* تاچەند حەز لەمكیاج دەكەی؟
- تەنیا بۆ بۆنەكان بە ڕێژەیەكی كەم مکیاج دەکەم.
* زۆر لەئافرەتان حەز لە زێڕ دەكەن ئەی تۆ؟
- زۆر حەزی لێ ناكەم، بەڵام ئەگەر هەبێت خراپ نییە.
Top