ئایا سینەمای كوردی تەنیا باس لە تراژیدیاكان دەكات و كێشەكانی كۆمەڵگای فەرامۆش كردووە؟

ئایا سینەمای كوردی تەنیا باس لە تراژیدیاكان دەكات و كێشەكانی كۆمەڵگای فەرامۆش كردووە؟
ئا:بەهرەسیدیق

هەرچەندە هونەری سینەما لەكوردستان پێشكەوتنی بەرچاوی لە فیستیڤاڵە جیهانییەكاندا بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆ رەخنەی لێ دەگیرێ كە گوایە سینەمای كوردی باس لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان ناكات و زیاتر كارەسات و تراژیدیاكانی گەلی كوردی كردووە بە هەوێن بۆ بەردەوام بوونی، بۆ باسكردنی ئەم مەسەلەیە چەند هونەرمەند و سینەماكارێكمان هێنایە ئاخاوتن.
سەرەتا ناسر حەسەن بەڕێوەبەری گشتی سینەما سەبارەت بەم باسە دەڵێت»زۆر شت هەیە قەدەغەیە و دەرهێنەر یاخود نووسەر ناتوانێ نیشانی بدات و لە دراما یان فیلم جێگای بكاتەوە بۆنمونە نابێ باسی مەلایەك بكرێ تەنانەت ئەگەر رەخنەشی لەسەر بێ، نابێ باسی ئافرەتێك بكرێ كەخۆشەویستی هەیە، چونكە كێشەو گرفتی كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە، بۆیە هەندێك بابەت هەیە ناتوانرێ بەروونی بخرێتە روو، بۆیە بە سادەیی باسی دەكەین، ئەوە خەتای نووسەر و دەرهێنەر نییە بۆ نموونە درامای(كوێستان و گەرمیان) كە لە كەناڵی كوردسات پەخش دەكرا، راگیرا لەبەر ئەوەی ژنێك مێردەكەی ئەنفال كرابوو، پێیان وابوو نابێ لەدوای پازدە یان بیست ساڵ خۆشەویستی هەبێ و شوو بكاتەوە، فشارێكی زۆر لەسەر دەزگاكە كرا تا زنجیرە دراماكە راگیرا، بۆیە دەبینین دراما و فیلمەكان هەندێك بەسادەییە باسی هەندێك كێشە دەكەن و ناتوانن بچنە قووڵایی ئیشەكان، ئەگەر ئەوپرسیارانە ئاڕاستەی ئێمە دەكرێ و گلەییمان لێ دەكرێ خۆیان باش دەزانن ئێمە ناتوانین ئەو كێشانە بەو روونییە بخەینە روو، چونكە واقیعی حاڵەكە وایە.
خانمە هونەرمەند مەروا محەمەد گوتی»ژیانی كورد پڕە لە كێشەی كۆمەڵایەتی و خۆشەویستی و سیاسی، كە بەردەوام خەڵكانێك بە دەست ئەم كێشانەوە دەناڵێنن، ناهەقی بەرامبەر ئافرەت دەكەن و دەیان چەوسێننەوە، توندوتیژی بەرامبەر منداڵ دەكەن، بۆیە سەختی ژیان وای كردووە كەبەردەوام خەڵك لە نەهامەتیدا بێت، بۆیە بەردەوام سینەماو دراماش باس لەو كێشەو گرفتانە دەكات.
سینەما كار (شاخەوان ئیدریس)پێی وایە» بەرهەمە هونەرییەكان تا ئاستێك لە توێی تراژیدیاكاندا هەندێ بابەتی كۆمەڵایەتییان پێشكەشكردووە، هەر بۆنموونە لەفیلمی سینەمایی «هەرمان» دەرهێنانی حوسێن حەسەن بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر لەتەك تراژیدیای ئەنفال ئەوا كێشەی كۆمەڵایەتی پەیوەست بەشەرەف وناموس وتێڕوانینی كۆمەڵگە بۆ ئەم بابەتە خراوەتە روو، بەهەر حاڵ نموونەی دیكەش هەنە، هەرچۆنێك بێت بابەتە كۆمەڵایەتییەكان وەكو رەگ و كڕۆكی بابەتی سەرەكی لە بەرهەمە هونەرییەكان تا ئێستاش بەشێوەی پێویست بەكارنەهاتوون و گرنگییەكی ئەوتۆیان پێنەدراوە، لەوانەیە هەوڵی هونەرمەندانی كورد بۆ تیشك خستنە سەر كارەسات ومەینەتی كەبەسەر كورددا هاتوون لە ساڵانی رابردوو زیاتر بایەخی بەخۆوە گرتبێت، ئەوەش شتێكی ئاساییە وتەندروستە، هەر بۆ نموونە تائێستاش ژاپۆن فیلم لەسەر كارەساتی هیرۆشیما وناكازاكی بەرهەم دەهێنێت، ئەوروپاش تائێستا سەبارەت بەهۆڵوكۆست فیلم ئەنجام دەدات، هەروەها هۆلیۆدیش تائێستا فیلم لەسەر ڤێتنام وبابەتی نەتەوەیی بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئەم هەموو شوێنانەی كە ناومان هێنان، لایەنی كۆمەڵایەتییان فەرامۆش نەكردووە، ئێمەش ئەوەندەی پێویستیمان بەبابەتی نەتەوەیی هەیە لەقۆناغی ئەمڕۆماندا كە كوردستان هەوای ئازادی هەڵدەمژێت پێویستیمان بە خستنە رووی بابەتی كۆمەڵایەتی هەیە لەنێو بابەتە هونەرییەكانمان جا چ لە ناو فیلمێكی سینەمایی بێت، یانە لەدرامایەكی تەلەفزیۆنی، لەبەر ئەوەی هونەری فیلمسازی بە هونەری ئیرتكازی كۆمەڵگە دەخەملێندرێت.
بەرای من زۆر پێویستە بایەخ بەلایەنی كۆمەڵایەتی بدرێت و زیاتر لەقۆناغی ئێستاماندا بەرەو ئەم ژانرە بڕۆین.
«شەوكەت ئەمین»ی سینەماكار
چەندین خەڵاتی جیهانی بە دەسهتێناوە لەمبارەوە دەڵێ»بەر لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە پێویستە بیر لە دامەزراندنی یاخود بنیاتنانی سینەمای نەتەوەیی بكەینەوە، چونكە ئەگەر سینەمای نەتەوەیی دامەزرا ئەوكات دەتوانین مەودای كارەكانمان فراوانتر بكەین، جگە لەتراژیدیاو كارەسات كە هەوێنی كارە سینەمایەكانمانن دەبێت بیر لەبەرجەستەكردن و خستنە رووی ژانرەكانی تری كۆمەڵگای كوردی بكەینەوە بەتایبەت كێشەو ئاریشە كۆمەڵایەتییەكان»
هەر سەبارەت بەم باسە سینەماكار فەرزین كەریم گوتی»ئەوەی ئێستا لە فیستیڤاڵەكان سەبارەت بە فیلمی كوردی بەدی دەكرێت پرسی كوردە، واتە پرسە سیاسییەكەی، ئەو مەرگە ساتانەش بەشێكن لەو پرسە، ئەو غەدرە مێژووییەی كەلە كورد كراوە دیسان بەشێكە لەو پرسەو لەلای بینەرو وەرگری بیانی سەرنج راكێشە و لەهەمانكاتدا زانیاریان لەسەر نییە، بۆیە ئەم سەرنج راكێشانەش زیاتر دەبێت، دەبێتە هۆی ئەوەی وەڵامدانەوەیان لەسەر ئەو سینەمایانە هەبێ، ئەوەش یارمەتی زۆری ئەو فیلمانەی داوە كە لە فیستیڤاڵی جیهانیدا بەشداریان كردووە، خەڵاتی جیهانیش وەربگرن ئەو پرسە سیاسیانە یارمەتیان داون بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بسەلمێنن، بەڵام ئەگەر باسی پرسی كۆمەڵایەتی بكەین دەبێ ئیش بۆ وەرگری خۆماڵی بكەین، چونكە هەر ئەوان لەم موعاناتانە تێدەگەن، لەبەر ئەوەی ئێمە هۆڵی سینەمای تایبەت و سەرمایەداری خۆماڵی تایبەتمان نییە بێت ئیش لەسەر كەرتی سینەما بكات، بۆیە سینەماكارانی ئێمە زیاتر هاموشۆی وەرگری خۆماڵی دەكەن لەجیهاندا، چونكە پرسە كۆمەڵایەتییەكان نزیكەی لەهەموو وڵاتان، بۆنموونە توندوتیژی لەزۆربەی وڵاتانی جیهان بەتایبەت وڵاتە دواكەوتووەكان یەك پرسە، ئەگەر هاتوو هۆڵی سینەمامان هەبوو رۆشنبیری و سینەمایی و كەرتی سینەماییمان هەبوو (كە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەدارو بینەری خۆماڵی) ئەوكات دەتوانین كار لەسەر پرسە كۆمەڵایەتییەكان بكەین، ئێمە حەقی خۆمانە باسی پرسە سیاسییەكان بكەین، چونكە تا ئێستا خاوەن دەوڵەتی خۆمان نین، بەڵام دەشێ حكومەت و وەزارەتی رۆشنبیری بەهۆی پلانێكەوە ساڵانە لەو فیلمانەی بەشداری فیستیڤاڵەكان دەكەن، فیلمێك بۆ ناوەرۆكی كۆمەڵایەتی و فیلمێك بۆ لایەنی تەرفیهی تەرخان بكەن بەم شێوەیە ئەو بۆشاییە پڕدەكەنەوە»
Top