جیسیكاش ئارەزووی خوێندن دەكات

جیسیكاش ئارەزووی خوێندن دەكات
هەرچەندە ئێستا بە ئەستێرەیەكی دیاری سینەمای جیهانی دادەنرێت و ناوبانگێكی زۆری هەیە، ئەمە جگە لەوەی خاوەن سەروەت و سامانێكی بێ شومارە، بەڵام سەرەڕای ئەمانە هەموویان (جیسیكا ئەلبا)ی ئەستێرەی سینەمایی ئەمریكی زۆر پەشیمانە لەوەی كە نەیتوانیوە لە زانكۆ بخوێنێت و خوێندنی زانكۆ تەواو بكات، بۆیە پێیوایە غەدرێكی زۆری لە خۆی كردووە.
جیسیكا بە ئاشكرا دەڵێت كە هەستم دەكرد پێویستە داوای لێبوردن لە خۆم بكەم، چونكە من زۆر پەشیمانم كە نەچوومەتە زانكۆ، ئەمەش بە یەكێك لە هەڵە گەورەكانی ژیانی خۆمی دەزانم، لەم بارەیەوە جیسیكا بە سایتی كۆنتاكت میوزیكی راگەیاند: «هەمیشە هەستم بە دڵتەنگییەكی زۆر دەكرد تەنیا لەبەر ئەوەی نەچوومەتە زانكۆ، هەروەها هەستم دەكرد وەكو پێویست زیرەكیش نیم لە ژیان، بۆیە بیرم لەوە دەكردەوە كە پێویستە داوای لێبوردن لە خۆم بكەم، ئەگەرچی من تاكە كەس نیم كە لە زانكۆ بێبەش بم، بەڵام دڵنیام ئەگەر لە زانكۆ بمخوێندایە، لە زۆر رووەوە بەرەو پێشتر دەچووم و زانیاریم لە ئێشتا زۆر زیاتر دەبوو، بەتایبەتی لە رووی رۆشنبیرییەوە، بۆیە پێموایە ئەمە بۆ من زۆر پێویست بوو، بەڵام ئیدی ئەمە ژیانە و مەرج نییە هەموو كەسێك بە هەموو خەون و ئاواتەكانی بگات.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە كە جیسیكا ئەلبا بەشداریی لە چەندین فیلمی سینەماییدا كردووە، لەوانە فیلمی (سین ستی) و فیلمی خەیاڵی زانستی ( فانتاستیك فۆر) و زنجیرەی تەلەفزیۆنی (دارك ئەنجل).
سەرچاوە (ایلاف)
Top