وێنە و تابلۆ

وێنە و تابلۆ
لە مەیدانی (ئومل برووم) لە شاری كوەیتی پایتەختی دەوڵەتی كوەیت، 31 ساڵ بەر لە ئێستا تابلۆ دیواربەندێكی سەدام، لە سەردەمی داگیركردنی كوەیتدا جێگیر كرا بوو، كە چوار پاسەوانی چەك بە دەستی عیراق شەو و رۆژ ئێشكیان بە دیارییەوە دەگرت. سەدام و بەعس مەبەستیان لە دانانی ئەو دیواربەندە ئەوە بوو بڵێن، ئەوەتا خەڵكی كوەیت بە وڵات و پایتەختەوە سەدامیان بە سەردار و سەروەری خۆیان قبووڵ كردووە، كوەیتییەكان تا بینەقاقا لە داگیركردنی وڵاتەكەیان پەست بوون، هەر دەرفەتێكیان دەست بكەوتایە، بە رۆنڕەنگی رەش ئەو دیواربەند و وێنانەی سەدامیان دەشێواند.

ئا/تاریق كارێزی

دوو سەركردەی زۆر مەزنی بزاڤی سەربەخۆییخوازی كورد لە سەدەی بیستەمدا قبووڵیان نەبووە وێنەیان بكرێتە تابلۆ، رێكەوت نییە، بەڵكوو لە كانی دڵییانەوە هەڵقوڵاوە، كە هەردووكیان بە هونەرمەندەكەیان گوتووە «ئێمە شتێكمان نەكردووە وێنەمان بكێشرێت، وێنەی شەهیدان بكێشن.»
لێرەدا خۆپەرستیی سەركردەكانی گەلانی داگیركەری كوردستان (لە رەزا شا و ئەتاتورك بە سەدامیشەوە) پێیدا وەرە تا دەگاتە ئێستا و خۆنەویستیی سەركردەكانی كوردمان بۆ دەردەكەوێت. وێڕای ئەوە لە پشتی ئەم باسەوە پەیامی قووڵتر هەیە، دەكرێ ئێمە یەك دوو پەیڤی لەبارەوە بێژین.
مرۆڤی بەرایی لە نێو ئەشكەوتدا، خەون و خولیای خۆی بە نیگار دەردەبڕی، كاتێك دەوڵەت و دەسەڵاتدار پەیدا بوون، نیگار بوو بە هێمایەك بۆ بەرجەستەكردنی شكۆ و گەورەیی كەسەكان. دوای ئەوەی كامیرا پەیدا بوو، وێنە دوو رێڕەوی گرتەبەر، پۆترێتێك كە نیگاركێش دەكێشێت، وێنەیەك كە كامیرا دەیگرێت، یەكەمیان ساغ هونەرە، دووەمیان پتر تەكنیكە نەك هونەر.، لێكدانەوەی هەمەجۆریش بۆ هەردووكیان دەكرێت. پسپۆڕ و رەخنەگران قسەی جۆربەجۆر و هەمەچەشنیان دەربارەی وێنە و نیگار كردووە، پێشم وا نییە هەم قسە هەم خولیای ئێمەی بەرەی مرۆڤایەتی، لە بارەی وێنە و نیگارەوە كۆتایی پێ بێت.
تۆ بڵێی چ تەلیسمێك لە پشتی ئەوەوە بێت، كە لەو كاتەی كامیرای دیجتاڵ پەیدا بووە، تەكنیك دەستی مرۆڤی واڵا كردووە، چۆنی بووێت وێنە دەگرێت و دەسكاریشی دەكات، بەڵام لە (مۆنمارتەر: Montmartre)ی پاریس و گەلێك شوێنی ئەم دنیایە تا دەگاتە دامەنی قەڵای هەولێر، خەڵك داوا دەكەن بە دەست و پەنجەی هونەرمەند پۆرترێت نیگاریان بۆ بكێشرێت. ئاخۆ لەم سەردەمەدا كامیرا لە گواستنەوەی رەنگ و سیمای كەس، كەش و ژینگە، سرووشت و ئاپۆڕای خەڵك كورت دێنێت؟ نەخێر، بەڵام تەلیسمێك لە پشت دەست و پەنجەی سیحراویی نیگاركێشەوە هەیە، كە هەموو كەسێك شەیدای خۆی دەكات.
من و تۆ یەك دوو جار، تۆ بڵێ تا 10 جاریش تەماشای وێنەیەكی قەد دیوار دەكەین، دوای ئەوە حەزی تەماشاكردنی ئەو وێنەیەمان لا نامێنێت، بەڵام تابلۆ پۆرترێتی مۆنالیزا، یان ناپلیۆن، یان كێ و كێ، هەموو رۆژێك تا رۆژی پەسڵان تەماشایان بكەین، لێیان وڕس نابین. مرۆڤەكان لە بنی دنیاوە روو لە پاریس و لۆڤەرەكەی دەكەن، مشتێ پارەش دەدەن تا بە دیتنی پۆرترێت تابلۆی مۆنالیزا شاد بن.
ئەوە سیحر و ئەفسوونی هونەرە كە كەمەندكێشمان دەكات و ناشتوانین راڤە و شرۆڤەی بكەین!
كامیرا (تەكنیك) وێنە بە شێوەیەكی میكانیكی دەگوازێتەوە، رۆحی تێدا ناهێڵێت، هونەرمەند لە گواستنەوەی وێنەدا ئەفراندن دەكات، تەلیسم و جوانییەكی جودای پێ دەبەخشێت، ئەگەر نیگار (بە گوتەی ئەفلاتوون) لاسایی كردنەوەی سرووشت بێت، وێنە ناگاتە پلەی لاسایی كردنەوە، بەڵكو سرووشت وشك دەكاتەوە و نووزەی رۆحی تێدا ناهێڵێت.
Top