کتێبی (مێژووی کۆنی کوردستان و شوێنەوارەکانی) چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی (مێژووی کۆنی کوردستان و شوێنەوارەکانی) چاپ و بڵاو کرایەوە
پرۆفیسۆر د. ئاکۆ بورھان، مامۆستای بەشی مێژوو لە زانکۆی سەلاحەدین یازدەھەمین کتێبی خۆی بەناوی (مێژووی کۆنی کوردستان و شوێنەوارەکانی) چاپ و بڵاو کردەوە.

لەو بارەوە پرۆفیسۆر د. ئاکۆ بورھان نووسەری کتێبەکە ڕایگەیاند: "ئەو کتێبە ٢٦٤ لاپەڕەیە و چاپخانەی نارین ئەرکی چاپ کردن و بڵاوکردنەوەی گرتووەتە ئەستۆ".

گوتیشی: "کتێبەکە باسی مێژووی کۆنی کورد و دیارترین شوێنەوارەکانی دەکات و پشتم بە ١٦١ سەرچاوەی تایبەت بەو بوارە بەستووە کە جگە لە نووسین، ٣٣ نەخشە و وێنەشی تێدایە".

نووسەری کتێبی (مێژووی کۆنی کوردستان و شوێنەوارەکانی) لەبارەی ناوەڕۆکی کتێبە نوێیەکەی ئاماژەی بەوەش دا: "کتێبەکە کتێبێکی گشتگیرە و پشتم بە راستەقینەیی رووداوەکان بەستووە و شیکردنەوەی پێویستم بۆیان کردووە و رووە شاراوەکانم دەرخستوون، ھەروەها دوور کەوتوومەتەوە لە چەسپاندنی فاکتەری ھەست و سۆزداری و نەتەوایەتی بەسەر نووسینەکەدا".

باسی لەوەش کردلە کتێبەکەدا بە وردی مێژووی کۆنی نەتەوەکانی کورد و سەرچاوەی لێوەھاتنی وشەی کورد و ڕەچەڵەکی کوردی شی کردووەتەوە و ژیان و مێژووی کوردی لە چوار چاخەکانی مێژوو ئاماژە پێ کردووە و بەدەر لەوەش گرنگترین شوێنەوارە مێژوویی و کۆنەکانی ھەرێمی کوردستانی باس کردووە.

پرۆفیسۆر د. ئاکۆ بورھان کە ئێستا مامۆستایە لە بەشی مێژووی زانکۆی سەڵاحەدین، جگە لە نووسینی دەیان بابەت، خاوەنی یازدە کتێبە لە بوارەکانی مێژوو کە ھەندێکیان تایبەتن بە میژووی کورد، ھاوکات کتێبێکی دیکەی لەسەر ھەمان بابەت لەبەردەستە.

basnews
Top