سێ کورتە فیلمی هونەرمەندێکی کورد گەیشتە فێستیڤاڵی چیڤالۆی ئیتالیا

سێ کورتە فیلمی هونەرمەندێکی کورد گەیشتە فێستیڤاڵی چیڤالۆی ئیتالیا
سێ کورتە فیلمی "کە زەمان ئەوەستێ، بێوەفا نەبووم و دەمامک کۆرۆنا هەراسان ئەکات" لە دەرهێنانی عەبدولڕەحمان بەسامی (خاڵۆ کوردین) هونەرمەندی سینەماکاری کوردی خەڵکی مەریوان گەیشتووەتە بەشی کێبرکێی فێستیڤاڵی (Festival del Cinema di Cefalu) وڵاتی ئیتالیا، ئەم فێستیڤاڵە تایبەتە بە خەڵاتی باشترین دەرهێنەر، ئەکتەری ژن و پیاو، باشترین فیلمی ئیتالی و باشترین فیلمی جیهانی، هەروەها باشترین مۆسیقا و ئەنیمەیشن.

بڕیارە ڕێکەوتی 19 تا 24 ژووئیە، بەڕێوەبەرانی ئەم فێستیڤاڵە چاوپێکەوتن و کۆبوونەوە لەگەڵ دەرهێنەران و بەرهەمهێنەران بکەن و لە 21ی ئاگوستی ئەمساڵ خەڵاتی باشترینەکان پێشکەش ئەکەن.

جێگای ئاماژەیە کورتە فیلمەکانی (کە زەمان ئەوەستێ و بێوەفا نەبووم) لە فێستیڤاڵی باشترین فیلمی ئامریکای لاتین بەشداری کردووە لە نێوان دوازە هەزار فیلمدا، ئەم دوو کورتە فیلمە توانی بچێتە نێو چل فیلمی فەرمیی فێستیڤاڵی ئامریکای لاتینەوە.

عەبدولڕەحمان بەسامی (خاڵۆ کوردین)، ئەندامی کانوونی نووسەرانی کوردستان /ڕۆژهەڵاتە و لە بوارەکانی ئەدەبیات و سینەمادا بەرهەمی هەیە.

عەبدولڕەحمان بەسامی ناسراو بە (خاڵۆ کوردین)، لەدایکبووی ساڵی 1983ی شاری مەریوانە و لە خوێندنگەی سەرەتاییەوە دەستی بە شانۆ کردووە. لە تەمەنی پانزدە ساڵییەوە شێعر دەنووسێت. لە ساڵی 2003 چووەتە هەرێمی کوردستان و لەوێ چەندین خوڵی شانۆ و سینەما و ژۆرناڵ و فۆتۆ ژۆرناڵ و بێژەری و پێشکەشکاری لە شاری سلێمانی تەواو کردووە و بەردەوام سەرقاڵی نووسینی شێعر و چیرۆک و سیناریۆی کورتە فیلم و فیلمی سینەمایی بووە. خاوەنی کۆمەڵە شێعرێکە بە ناونیشانی "وەرزی هەستانەوە" و چەندین کتێبی لەسەر سینەما لە فارسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر کوردی کە هێشتا لە چاپ نەدراون. خاوەنی زیاتر لە دە کورتە فیلمی کورت و سیناریۆی درێژ و دیکۆمینتارییە و ئێستاش پەنابەرە و لە شارێکی تورکیا دەژیت.

basnews
Top