پێشكەشكارو ئەستێرەكی شاشەی ئەمریكا كۆچی دوایی كرد
ڕۆژی شەممە بەرواری 23/1/2021 پێشكەشكارو ئەستێرەی شاشەی ئەمریكی (لاری كینگ) لە تەمەنی 87 ساڵیدا كۆچی دواییكرد .
لاری كینگ یەكێك بوو لە پێشكەشكارە هەرە دیارەكانی ئەمریكاو جیهان و وەكو ڕەخنەگرو پێشكەشكار لە بواری ڕادیۆ و تیڤی كاری دەكرد, كە توانی لە ڕێی بەرنامەكەیەوە دیدارو چاوپێكەوتن لەگەڵ چەندین سەرۆك و كەسایەتی سیاسی و ئەستێرەكانی هۆڵیوود و وەرزشوانە جیهانییەكان بكات .
(لۆرانس هارڤی زایگەر) ناسراو بە لاری كینگ, لە 19ی نۆڤەمبەری 1933 لە نیویۆركی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدایك بووە, سەرەتای هاتنە نێو بواری ڕاگەیاندن و كاری تەلەفزیۆنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1957 كاتێك لاری كینگ لە كەناڵێكی ئەمریكی وەكو كارگوزار كاری دەكردو ڕۆشتنی یەكێك لە پێشكەشكارەكانی ئەو كەناڵە دەرفەتێكی بە لاری ڕەخساند بۆ ئەوەی جێی بگرێتەوەو ببێتە پێشكەشكار .
لە ساڵی 1985 لە كەناڵی CNN بە بەرنامەیەكی گفتوگۆ بەناوی (Larry King Live)دەستی پێكرد كە ئەم بەرنامەیە تا 2010 بەردەوام بوو, وە لە دواییدا توانی لە كەناڵی RTی ئەمریكی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی بە شێوەی هەفتانە بە ناوی(Politicking with Larry King) دابمەزرێنێت .