داڵاهۆ... پایتەختی تەمبوور

داڵاهۆ... پایتەختی تەمبوور
داڵاهۆ، جیا لەوەی ناوی کێوێکی بەرزی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ناوی قەزایەکی سەر بە پارێزگای کرماشانیشە، کە وەکوو پایتەختی تەمبوور لە کوردستان و ئێران ناوی دەرکردووە. ئەم قەزایە یارساننشینە و زیاترین تەمبوورژەن و وەستاکارە تەمبوورسازەکان لەوێ نیشتەجێن.

ناسراوترین شوێن بۆ تەمبوور، کە یارسانەکان تەمیرەی پێ دەڵێن؛ خانەی تەمبوورە لە گوندی بان زلانی سەر بە داڵاهۆ. یانەی تەمیرە (خانەی تەمبوور) وەک ناوەندێکی کولتووری و هونەری بە هەوڵ و تەقەلای عەلی ئەکبەری مورادی، هونەرمەندی تەمبوورژەنی ناسراوی کوردستان و جیهان دروست کرا و خەرجیی دروستکردنەکەشی لەسەر شانی ئەم هونەرمەندە بوو، کە سێ ساڵ بەر لە ئێستە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک هونەرمەندی وەکوو کەیهان کەلهوور، شارام نازری، حوسێن عەلیزادە و عەلی ئەکبەر شکارچی، کرایەوە و تا ئێستا چەندین فێستیڤاڵی تەمبوورژەنین تێیدا بەڕێوە چووە.

تەمیرە (تەمبوور) لە ناوچەی یارساننشینی داڵاهۆ مێژوویەکی شەش هەزار ساڵەی هەیە و بەشێکە لە ئایین و کولتووری دانیشتوانی ناوچەکە. ماوەی دوو ساڵە هەوڵەکان لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە خراونەتە گەڕ، تا داڵاهۆ وەکوو شاری جیهانیی تەمبوور لە رێکخراوی جیهانیی یۆنسکۆ تۆمار بکەن.

ئێستا لە قەزای داڵاهۆ، 110 کارگەی گەورە و بچووک بۆ دروستکردنی تەمیرە هەیە، کە 183 وەستاکار تێیدا کار دەکەن. تەمیرە(تەمبوور) یەکێکە لە کۆنترین ئامێرەکانی مۆسیقای کوردی، کە کاسەکەی لە دارتوو دروست دەکرێت و دەستەکەیشی لە داری گوێز. نەخشی ئەم ئامێرە لە نەخشەبەردی شووش لە رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزراوەتەوە، کە مێژووی بۆ بەر لە شەش هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.

basnews
Top