میمی جەمال واز لە كاری هونەری دەهێنێت

میمی جەمال واز لە كاری هونەری دەهێنێت
خانمە ئەكتەرو هونەرمەندی بە ئەزموونی میسری (میمی جەمال) بە یەكجاری واز لە كاری دراماو سینەما دەهێنێت .

لە یەكێك لە كەناڵە میسرییەكان (میمی جەمال)ی تەمەن 79 ساڵ, لە ڕێی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییە لە زاری خۆیەوە ڕایگەیاند كە ئەو بەیەكجاری واز لەكاری نواندن و فیلم و دراما دەهێنێت, هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە ساردبوونەوەی لە كاری هونەری بۆ كۆچی دوایی(حەسەن موستەفا)ی هاوژینی گەڕاندەوە كە هەروەكو خۆی ئاماژەی پێدا ئەو ڕووداوە دڵتەنگی كردو نەیدەتوانی وەكو ڕابردوو بەردەوام بێت, كەبەمەش میمی جەمال ماوەی چەند ساڵێك بە شێوەیەكی پچڕاو لە كارەكانی بەردەوام بوو .

میمی جەمال هۆكارێكی دیكەی وازهێنانی لە كاری هونەری بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە ئەم بڕیارە دەبێتە پشوویەك بۆ ئەوەی كاتی زیاتر لەگەڵ منداڵ و نەوەكانی بەسەر ببات و زیاتر نزیكیان بێتەوە, هەروەها بۆ وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێك دەربارەی ناكۆكییەكی خێزانی كە ماوەكانی ڕابردوو لە ڕۆژنامە میسرییەكان بڵاوكرایەوە, میمی جەمال ڕایگەیاند كە ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوەو ئەو هیچ كێشەی لەگەڵ منداڵەكانی نییە, هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە هەرچی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە ئەو لێی بەرپرسیارنییە چونكە هیچ و ئەكاونتێكی نییە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان .

میمی جەمال لە 13/2/1941 لە میسر لە دایك بووە, یەكێكە لەو ئەكتەرە بە ئەزموونانەی كە زۆرترین كاری هونەری ئەنجامداوە لە نێو فیلم و دراماو شانۆ, دەستپێكی هونەریی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1953 بە فیلمی(المستهترة) كە ئەمەش سەرەتایەكی باش دەبێت بۆ دەركەوتنی, میمی جەمال ساڵی 1966 هاوسەرگیری لەگەڵ هونەرمەند(حەسەن موستەفا) دەكات و دەبنە خاوەنی دوو كچ بە ناوەكانی (نەجلا - نور) هاوسەرگیرییەكان تا 2015ی خایاند كاتێك كە حەسەن موستەفا كۆچی دوایی كرد .
Top