شەوکەت مەلا ئیسماعیل کتێبی (جفرە)ی بڵاوکردەوە

شەوکەت مەلا ئیسماعیل کتێبی (جفرە)ی بڵاوکردەوە
نووسەر و پێشمەرگەی دێرین و زمانناسی کورد، شەوکەت مەلا ئیسماعیل، دوایین کتێبی خۆی چاپ و بڵاوکردەوە بەناوی (نووسین و شیکردنەوەی جفرە).

وەکو لە پێشەکی کتێبەکەدا نووسراوە :”لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١ – ١٩٧٥، نووسەر سەرگەرمی (جفرەسازی و بێتەل) بووە، لەتەک ئامێری بێتەلی بارەگای بابە گەورە سەرۆک مەلا مستەفا بارزانی دا، کە نووسەر بۆ یەکەمجار دامەزرێنەری ئەم دەزگایە بووە بۆ سوودی شۆڕشی ئەیلوول”.

نووسەر لە کتێبەکەیدا بەوردی باسی مێژووی جفرەسازی کردووە کە چۆن وڵاتان بەتایبەتی لەلایەنی سەربازییەوە کەڵکیان لێ وەرگرتووە، هەروەها هەڵهێنانی (شکاندنی) جفرە بۆ تێگەیشتن لە مەرامەکانی بەرامبەر و لێکتێگەیشتنی نێوەڕۆکی تێکستی جفرەکراو. وێنە و ناوی هەندێک لەو زانا جیهانیانەی بڵاوکردووەتەوە کە رۆڵی گرنگیان هەبووە لە جفرەسازیدا.

نووسەر بەوردی باسی ئەو رووداوانە دەکات کە لە شۆڕشی ئەیلوولدا روویانداوە و یەکەمین پەیوەندی بێتەل لە شۆڕشی ئەيلوولدا لە ٢٥ی ئەیلوولی ١٩٦٢ ئەنجامداروە، بەوردی ژمارەی بێتەل و ئەو پێشمەرگانەی کارەکانیان ئەنجامداوە نووسیوە.

مامۆستا شەوکەت بۆ دەوڵەمەندکردنی کتێبەکەی، هەموو لاپەرەکانی بیرەوەرییە تایبەتیەکەی خۆی لە کتێبەکەدا بڵاوکردووەتەوە کە هەموو رووداوەکانی ژیانی خۆی و پێشمەرگایەتی تێدا تۆمار کردووە، هیچ کەسێک وەکو مامۆستا شەوکەت، مەگەر مام هەژار بەو وردییە ناوی گوند بە گوند و دۆڵ بە دۆڵی کوردستانی نەنووسیوەتەوە.

مامۆستا شەوکەت چەند فەرهەنگێکی گرنگی (ئینگلیزی – کوردی و کوردی – ئینگلیزی) بڵاوکردووەتەوە و خزمەتێکی زۆری بە زمانی کوردی کردووە.

rudaw
Top