ڕۆمانی پژمین بڵاو کرایەوە

ڕۆمانی پژمین بڵاو کرایەوە
نوێترین بەرهەمی نووسەر شاخەوان برایم عەبدوڵا، بەناوی رۆمانی پژمین کە لەسەر پەتای كۆرۆنایە بڵاوکرایەوە.

لەمبارەیەوە شاخەوان برایم عەبدوڵا، نووسەری رۆمانەکە رایگەیاندووە: "تەوەر یاخود دۆخی سەرەكی ڕۆمانی پژمین، پەتای كۆرۆنایە و بیرۆكەی نووسینیشی بۆ سەروەختی كەرەنتینە لە مانگی سێی ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە و هەر لە مانگیشدا تەواو بوو، واتە دەستپێكی نووسینی لە 12/3/2020 بوو، لە 30/3/2020یشدا كۆتایی هات".

دەشڵێت: "دەتوانین بڵیین پژمین یەكەمین رۆمانی كوردییە كە تەوەرە سەرەكییەكەی پەتای كۆرۆنا بێت، چونكە ئەوكات دۆخێكی ترسناك بوو، هەمووان بە چڕی لە پەتاكە دەترسان و ژیانی ئاسایی خەڵكیش گۆڕانكارییەكی ریشەیی بەسەردا هاتبوو، ئەمەش كاریگەری دەروونی لەسەر خەڵكی بە گشتی دروستكرد و بۆشاییەكی فراوانیش كەوتە نێوان مرۆڤەكانەوە كە لە پژمیندا بە دیقەت و وردییەوە ئەو بۆشاییە ئیشی لەسەر كراوە و بە شێوەیەكی هونەری ستۆری بۆ دروستكراوە".

هەروەها شاخەوان برایم عەبدوڵا ئاماژەشی بەوەداوە: "رۆمانی پژمین بەرهەمی ئەو كاریگەرییە دەروونییەیە كە ئەوكات دووچاری مرۆڤی كورد و جیهانیش بووەوە، بەڵام تێكەڵكردنی چەندین تەوەری دیكە یاخود ستۆری دیكەی وەك عیشق و خۆشەویستی و جەنگ و ململانێ و هەروەها گفتوگۆی ئایینی و غەیرە ئایینی لەسەر پەتاكە، لەگەڵ نۆستالیجیا و حەزی گەڕانەوە بۆ زێد و چەندین تەوەری دیكەش كە هەموویان بە یەكەوە پژمین پێك دەهێنن".

رۆمانی پژمین، لە 332 لاپەڕە پێکهاتووە، لە ئێستادا بڵاوکراوەتەوە و لە ڕێگەی ماڵی وەفاییەوە بەسەر کتێبفرۆشەکان دابەش دەکرێت.

هەروەها جگە لە رۆمانی پژمین بەرهەمە چاپكراوەكانی نووسەر بریتین لە (سێبەرەكانی جەنگ، چیڕۆك، 2012، ئیسلامی سیاسی لە گوتاری توندڕەوییەوە بۆ خەونی خەلافەت 2017، كورد لە ئۆكتۆبەری ڕەشدا 2018، ئیسلامی سیاسی فریودان و تیرۆریزم 2018، ئیناس و پیاوەكانی خەلیفە، ڕۆمان 2019).

basnews
Top