كۆرۆنا تەنگی بە جیمس بۆند هەڵچنیوە

كۆرۆنا تەنگی بە جیمس بۆند هەڵچنیوە
بۆ سێیەم جار بڕیار درا كە دوایین بەشی زنجیرە فیلمی جیمس بۆند دوا بخرێت بە هۆی بڵاوبوونەوەی بەردەوامی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمە بەشی (٢٥)ـەمینی زنجیرە فیلمی ئەو ئەكتەرەیە بە ناوی (NO TIME TO DEI) دوا دەركەوتنی ئەكتەری بریتانی دانیال كریگ، هەروەها هەر یەكە لە لیا سیدۆ، رامی مالك بەشداریی تێدا دەكەن، ئەم دواخستنە زیانە ئابوورییەكانی فیلمەكە زیاتر دەكات و بەشێكە لەو زیانانەی كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و داخستنی هۆڵەكانی بۆ ماوەیەكی زۆر بەر كەرتی سینەما بەگشتی كەوتووە، ئەمەش وایكرد كە بەشێك لە دەرهێنەرە بەناوبانگەكان لەوانە (دانی بۆیل، سێر ستیڤ ماكوین) داوا لە حكومەتی بەریتانی بكەن كە پاڵپشتی كەرتی سینەما بكات، چونكە بە هۆی كۆررناوە ئەم كەرتە لە لێواری داڕماندایە.
كۆمپانیای سینی وۆرڵد لە بارەی دووەمین جاری دواخستنی نمایشكردنی فیلمەكە رایگەیاند: «بەردەوامبوونی دواخستنی نمایشی فیلمەكە كە بودجەیەكی خەیاڵیی بۆ تەرخان كراوە، نیشانەی ئەوەیە كە سینەما ناتوانێت بەردەوام بێت». لەلایەن خۆیەوە كۆمەڵەی سینەمای بەریتانی لە بارەی دواخستنەكە رایگەیاند: «ئەمە مایەی داخ و نیگەرانیمانە، بەڵام شتێكی پێشبینی كراوە بە هۆی ئەو بارودۆخەی كە ئێستا لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەسەرجیهاندا هاتووە، سەرەڕای ئەمەش پێویستە حكومەتی بەریتانی راستەوخۆ هاوكاریی ماددیی كەرتی سینەما بكات».
جێگای وەبیرهێنانەوەیە بەر لە شەش ساڵ دوا بەشی زنجیرە فیلمی جیمس بۆند بە ناوی (تارمایی) بڵاوكرایەوە و داهاتەكەی نزیكەی یەك ملیار دۆلار بوو، فیلمەكە لە پاڵەوانێتیی دانیاڵ كریگ بوو كە بۆ پێێنجەم جار رۆڵی پاڵەوانی تێدا بینی، ئەمەش ژمارەیەكی پێوانەییە.
سەرچاوە: البوابة
Top