كەرنەڤاڵی سرووشت
ئا/تاریق كارێزی
هیچ شێوەكارێكی كوردستان نییە بتوانێت خۆی لە جوانیی سرووشت نەبان بكات، لە پاڵ ئەوەشدا هەموو هونەرمەندێك خۆبەخۆ پێكهاتەیەكی دەروونییە، سەرەنجام كەسایەتیی ئەو گەڵاڵەی هزر و ئەزموونی ژیانێكی تایبەت دەكات، ئەمەش وا دەكات لە پەیبردن و شرۆڤەكردن و راوكردنی ستاتیكای سرووشتدا، بە گوێرەی دۆخی دەروون و تێڕوانینی هزر و گۆشەی رامانی كەسەكان، هەر هونەرمەندێك بە ستایلێكی جودا نیگاری سرووشت بكێشێت، تەنانەت ئەگەر كۆمەڵێك هونەرمەند لەسەر راستە هێڵێك بە ئاراستەی یەك دیمەنی سروست رابگریت و داوایان لێ بكەیت وێنەی ئەو سرووشتەی بەر دەمیان بكێشن، بە دڵنیاییەوە تابلۆی هیچ كامیان بە هی ئەوی دیكەیان ناچێت.
رازی ئەم نهێییە دەبێت چی بێت؟
پێم وا نییە ئەم بابەتە راڤەكردنی زەحمەت بێت، چونكە چاوگی گەڵاڵەكردنی تابلۆ دووانەی روانین و جووڵەیە، هونەرمەند بە هەست و نەست و ئەندێشەوە دەڕوانێت، پاشان بە دەست و پەنجە و رادەی كارامەیی لە پیشەكەیدا، كەرەستەی بەر هەست و نەست و ئەندێشە دەكاتە تابلۆ (بەرهەمی هونەری).
پەیوەست بە سەرنجەكانی پێشوومان، دەكرێت هەڵوەستەیەك لە ئاست بەرهەمی بەشدارانی پیشانگای كەرنەڤاڵی سرووشت بكەین، حیكمەت هیندی بە چوار تابلۆی ئاوڕەنگ، تۆپۆگرافیای گوندی بە رەنگی رەش و ئاسمانی تەماوی بەرجەستە كردووە، نەسرین فەتاح لە چوار تابلۆدا فۆكسی خستووەتە سەر جوانیی دار و بە رەنگی روون هەوڵی داوە ئەم فیگەرە وەك رووی گەشی سرووشت بخاتە روو. محەمەد فەتاح لە چوار تابلۆكەیدا بە رەنگی تیر و تێرەوە هەوڵی داوە بەژنی چیا و جوانیی سرووشت لە قووڵایی روانگەوە پیشان بدات، سەباح جەزراوی لە چوار تابلۆی خۆیدا زۆر قووڵ چووەتە نێو باوەشی سرووشتەوە و رەنگاڵەی ئاڵوگۆڕی رەنگستانی سرووشتی زۆر كارامە خستووەتە روو، زۆرترین رەنگی نێو دایكە سرووشتی راو كردووە. سەڵاح نەجاڕ لە چوار تابلۆدا لە رووبەرێكی كەمدا هەوڵی داوە تێكچڕژانی رەنگ بخاتە روو. ئەیوب رەوف لە چوار تابلۆكەیدا پتر شەیدایی خۆی بە سرووشتی بەهار دەخاتە روو، چڕە رەنگی سەوزی زاڵ لەو وەرزەدا بەسەر سرووشتدا بە دەم ئاسمانێكی نیمچە تەڵخەوە وەك دەقی ستاتیكی پێشكەش كردووە. سامان ئەبووبەكر سرووشتێكی هەژار لە رووی تۆپۆگرافیاوە (دەشت و هەڵەتی گەرمیان) دەخاتە روو، لە رێی كارامەیی لە رەنگسازیدا دەوڵەمەند پیشانی داوە. بەها قەرەداغی هەوڵیداوە لە جوگرافیایەكی كەمدا جوانیی سرووشت بچنێتەوە، عەبدولڕەحمان فەرەج میرزا لە رێی ئاوڕەنگەوە خولیایی خۆی بە جوانیی رەنگی سپی و جووڵە، ریتمی سرووشت دەخاتە بەر دیدە، كارزان غەریب حەسەن جیاوازتر كاری لە سرووشتدا كردووە و پتر لە خەیاڵی خۆیەوە ویستوویەتی وێنای بكات، جەلال بۆسكانی لە مەودایەكی نزیكەوە ویستوویەتی جوانیی سرووشت بلاوێنێتەوە.
قسەی پێشوومان تێكڕا لەسەر شێوە و رواڵەتی بەرهەمەكان بوو، لە رووی تەكنیك و ستایلی كاركردن، هەروەها بەكار هێنانی (ئاوڕەنگ، رۆن رەنگ، ئەكریلك) و رەنگی دیكەش، هەر هونەرمەندەو ئەزموون و دیدگا و شارەزایی خۆی لە پیشەی نیگاركێشیدا بە جۆرێكی جیاواز پیشان داوە. هەموو ئەمانە بۆ بینەری پیشانگاكە دەرفەتێكی باش بوون، كە كاتێكی ئارام و پڕ چێژ لە نێو هۆڵێكدا بەسەر ببەن.