سروود لە نێوان ئامادەكردن و پۆلێنكردندا ١-٢

سروود لە نێوان ئامادەكردن و پۆلێنكردندا ١-٢
قادر ئەسعەد

چ هەستیك لەوە گەورەتر و جوانترە كە مرۆڤ بتوانی پڕ بە گەرووی گۆرانی بۆ نیشتمان بڵێت، چەندە سەختە و ئەستەمە بتوانیت تێكستێكی شعریی پڕ بە باڵای نیشتمان و فیداكارییەكانی ئاوێتەی ئاواز و میلۆدییەكان بكەات، ئەو مرۆڤانە چەندە بوێر و جوامێر و هەڵوێست بەرزن كە تا دوا تنۆكی خوێنیان بەرگری لە مەتەرێزی شەرفی خاك و وڵات دەكەن، بەڵێ نیشتمان ئەو وشە بچوكەیە كە بەقەد گەورەیی هەموو دونیا دڵنیایی و خۆشبەختی و سەرفرازی بە قوڵایی دڵی هاووڵاتیانی دەبەخشێت، ئاخرگەر خۆشەویستیی نیشتمان دەقێكی شعری بێت، ئەوە وشەكانی فیداكاری بۆ خاك لە نوسینەوەی بە هەژمار ناێت و رۆح و گیانمان دەبنە ئاوازێكی نەمرو زیندوی ئەبەدی بۆ سروودی خاك، دیارە پێشەكیی نووسین بۆ ئەم مەبەستە بیركردنەوەو هزرێكی قوڵی دەوێت تاكو مرۆڤ بتوانیت ئامانەجەكەی پڕ بە باڵای مانەی خۆی بپێكێت، بۆیە من لێرەدا دەمەوێت ئاوێزانی ئەو بابەتە ببم كە مەبەستمە خوێنەری بەڕێز ئاوێتەی ببێت، ئەویش زانیارییەكانی وتنی سروودە لە كات و شوێنی دیاریكراودا، سەرەتا دەبێت ددان بەوەدا بنێین كە گوتنی سروودی نیستمانی لە باری دەق و دەنگ و ئامادەكردنی موزیكەوە بە دایكی هەموو سروودەكان دادەنرێت.
پێناسەی سروودی نیشتمانی
سروود ئەو ئاوازو میلۆدییە نیشتمانییەیە كە باس لە مێژووی پڕ سەروەریی خاك وڵات و خەبات فیداكارییەكانی گەلێك دەكات، كە بە فەرمی لەلایەن دەسەڵات و گەلەكەی وەكو سروودێكی نیشتمانی ناسراوە و لە بۆنە نیشتمانیەكان وپێشەوازیە فەرمەیەكان ڕێگاپێدراوە، لە گۆڕەپانی هەموو قوتابخانەو پێشەكیی و دەستپێكردنی یارییەكانی هەڵبژاردەی نیشتمانی و هتد.. بژەندرێت، ئەوەش بۆ ناساندن و بەرزراگرتنی خۆشەویستی و دووپاتكردنەوەی وەفا و دڵسۆزی بۆ خاك و وڵات، سروودی نیشتمانی هەمیشەلە لایەن هاووڵاتیانەوە بە شێوەی كۆمەڵ، یان كۆرس دەگوترێت، هەندێك جار بەپێی گۆڕانكارییەكانی سەردەم دەتواندرێت گۆڕانكاری لە تێكستەكانیشدا بكرێت.
دەبێت ئەوەش بگوترێت كە سەرەتای گرنگیدان بە سروودی نیشتمانی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم، كە لەلایەن خۆرئاواییەكانەوە هاتۆتە ئاراوە، هەندێكیش دەیگەڕێننەوە بۆ سەردەمێكی زۆر دوورتر، نمونەشیان سروودی نیشتمانیی هۆڵەندایە كە لە نێوان ساڵانی١٥٦٨ بۆ ١٥٧٢ لەلایەن (هت فلهلموس) نوسراوە(وێكپیدیا)، بەڵام بەشەكانی دیكەی سروود بەپێی كات و شوێن پێویستی بە پۆلێنكردن و روونكردنەوەی زانستیی زیاتر هەیە، چ لە رووی هەڵبژاردنی تێكست، ئاواز، ریتم، دەنگ، دیارە مەبەست چینی دەنگی كەسی، یان كۆرس و كۆڕاڵەكانە.
سەرەتا دەبێت بزانین سروودەكە بۆ چ مەبەستێك ئامادە دەكرێت
١/ سروودی نیشتمانی: ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێكرد.
٢/ سروودی بە ناوبانگی نێونەتەوەیی ئینتەرناسیوناڵ: ئەم سروودە بە یەكێك لە شاكارە هەرە بەناوبانگەكانی كرێكارانی جیهان هەژمار دەكرێت، كە لە ساڵی ١٨٨٧ بۆ یەكەم جار لەلایەن فەرەنسییەكانەوە دانراوە، تائێستاشی لە گەڵدابێت بە زیندووێتی ماوەتەوەو وەرگێڕدراوەتە سەر زۆربەی زمانەكانی جیهانی Pierre De Geyte ئاوازدانەری مایسترۆ Eugène Pottier تێكست
٣/سروودی جەنگ: ئەویش بەم شێوەیە پۆلێن دەكرێت:
ا/ سروود بۆ خۆئامادەكردنی جەنگ (كەڕەنای جەنگ): ئەوەش لە باری تێكست و ریتم و دەنگەوە جیاوازیی زۆر هەیە، بۆ نمونە تێكستە شعرییەكە پێویستە باس لە پڕكردنی باری سایكۆلۆجی و بەرزكردنەوەی ورەو هێزی هێرشبەر بكات، بە شێوەیەك كە ئامادەكراو بێت بۆ ساندنەوەی تەواوی مافی زەوتكراو لە دوژمن، بە پێچەوانەش دەبێت باس لە رووخاندنی ورەی هێزی دوژمن و دوژمنكارییەكانی بكرێت، بەڵام لە رووی ئامادەكردن و دابەشكردنی موزیكەوە پێویستە ریتمەكان بە شێوەی مارشی سەربازی میلۆدییەكەش جۆش و خرۆشی حەماسەت و هێرشبەری تێدا بەرجەستە كرابێت، دەنگی سروودبێژ، یان كۆرس كە كاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر ‌هێزی هێرشبەر، دەبێت دەنگیان كۆڕاڵێكی هەست بزوێنەرو حەماسە و گڕ بێت.
ب/ سروود بۆ سەركەوتنی جەنگ (تەپڵی سەركەوتن) ئەوەش لە رووی تێكست و ریتم و دەنگەوە جیاوازیی زۆر هەیە، بۆ نمونە: تێكستەكە دەبێت بە شێوەیەك بنووسرێت كە باس لە سەركەوتن و ئازایەتی و فیداكارییەكان و وەرگرتنەوەی ماف ودەستكەوتەكان و تێكشكاندنی هێزی دوژمن و نەیاران بكات، ئاوازەكە لە رووی ئامادەكردنەوە دەبێت شێوازێكی تایبەتی لە جۆش و خرۆشی ریتمی پێوە دیار بێت كە گوێگر لە دوورەوە هەست بە مژدەی سەركەوتن و شایی بكات، لە رووی بەكارهێنانی ئامێرە موزیكەكانیش، ئەوە هەر نەتەوەیەك خاوەن كولتوور و فەرهەنگی موزیكی تایبەتی خۆیەتی، موونەبۆ ئەم مەبەستە كورد دەهۆڵ وزورنا بەكار دەهێنێت.
ج/ سروود بۆ فیداكاری و قوربانیانی جەنگ (شەهید): تێكستەكە دەبێت باس لە فیداكاری و هەڵوێستی بەرزی نیشتمانپەروەرانەی بكات، بەشێوەیەك كە شایستەو جێگای شانازی و شكۆمەندیی مێژووی پڕ سەروەریی شەهید بێت، كە زۆر جار سەختە ئەم دەقە شعرییە پەیدا بكەیت و بتوانێت باس لەو هەڵوێستە بەرزەی مرۆڤە گیانلەسەردەستەكان و فیداكارییەكانیان بكات، نمونە لای كورد (پێشمەرگە، شەڕڤان، گەریلا) ئەوەش لە باری ئامادەكردن و دابەشكردنی موزیكەوە تایبەتمەندییەكی زۆری هەیە، بە تایبەتی لە رووی دەنگەوە كە زۆر لە هونەرمەندان ناتوانن ئەم جۆرە سروودە بڵێن، چونكە ئەم جۆرە لاواندنەوەیە كە دەچێتە قاڵب و سنووری فیداكارییەوە پێویستی بە دەنگێكی زۆر هەست بزوێنەر هەیە، تا بتوانێت پەیامی خۆی بگەیەنێنێت هەروەها لە رووی ریتم و بەكارهێنانی ئامێرە موزیكەكانیشەوە دیسان جیاوازیی زۆری هەیە.
ج/سروودی شۆڕشگێڕ و پارتیزانەكان: ئەوەش هاوشێوەی سروودی جەنگە، بەڵام بە جیاوازیی گرووپ و دەستەی بچوكتر دەناسرێت، كە شۆڕشگێڕان لە كاتی چالاكیی پارتیزانیدا دەیڵێنەوە، تیكستەكەشی تا رادەیەكی زۆر هەڵگری ئایدیا و بیر و باوەڕی گرووپەكانە و زیاتر حەماسی و شۆڕشگێڕانەیە.
٤/ سروودی بۆنە تایبەتییەكان: مەبەست لە بۆنە تایبەتەكانی نیشتمانە بە خۆش وناخۆشەكانیەوە، نمونە وەك (نەورۆز، راپەڕین، ئەنفال، هەڵەبجە و ‌هتد...، لە رووی ئامادەكردنی موزیكەوە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەتایبەتی لە رووی بەكارهێنانی ریتمەوە، تێكستەكانیشیان رەنگدانەوەی رووداو و بۆنەكانی پێوە دیارە، بە هەردوو شێوەی تاكە كەسی و كۆڕاڵ دەگوترێنەوە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئەویش هەر بۆنەو رۆژێكی دیاریكراوی هەیە، كە سروودەكان تەنیا لەم یادانەدا دەگوترێنەوە.
٥/ سروودی زیندان: مەبەست لەو سروودانەن كە بە دنگێكی بوێر و قوڕگێكی شۆڕشگێڕانە لە نێو كونجی زیندانە سیاسییەكاندا دەگوترێنەوە، زۆربەی جاریش لە هەڵوێستێكی زۆر جوامێرو بێباكەنە لە بەردەم پەتی سێدارەدا وتراونەتەوە، كە بە بیستنی دوژمن شەرمەزار و رسوا بووە.
ئەم جۆرەیان چونكە لە زیندانەوە وتراوە هیچ ئامادەكارییەكی لە رووی موزیكەوە بۆ نەكراوە، لە بارەی تێكستیشەوە دیارە جیاوازن، زۆربەی جاران هەڵقوڵاوی ناخی خودی زیندانییەكە بووە، هەندێك جاریش شعری بەرگریی شاعیران بووە.
٦/ سروود بۆ ئاشتی: دەقە شعرییەكە دەبێت بە شێوەیەك بنووسرێت كە باس لە ئەرك و دەرئەنجامەكانی ئاشتی بكرێت، بە جۆرێك كە تاك بەتاكی كۆمەڵگە هەموو بەرپرسن لە پاراستنی دەستكەوتەكانی، بە پێچەوانەش ئەوەش بخرێتە روو كە دەبێت نەفرەت لە شەڕو دووبەرەكی و نەهامەتییەكانی بكرێت.
ئەم جۆرە سروودانە زیاتر بە شێوەی كۆڕاڵ و كۆرس تۆمار دەكرێن و هەندێكجاریش جگە لە هونەرمەندان بەشێكی زۆری چین و توێژەكانی نێو كۆمەڵگە بێ رەچاوكردنی ئایین و نەژاد بەشداریی تێدا دەكەن، بۆ بەرزڕاگرتنی هەستی تەبایی و بڵاوكردنەوەی هزری پێكەوە ژیان.
Top