چیمەن رەحمانی بۆ گوڵان: خەونی باوكم بوو كە پێكەوە گۆرانی بڵێین

چیمەن رەحمانی بۆ گوڵان: خەونی باوكم بوو كە پێكەوە گۆرانی بڵێین
چیمەن رەحمانی خانمە گۆرانیبێژی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان، دانیشتووی شاری كرماشانە و تاقە كچی هونەرمەندی كۆچكردووی كورد (یەدوڵڵا رەحمانی)یە، خاوەن دەنگێكی چیاییە و گۆرانیی بۆ ئافرەت و كاری مرۆڤایەتی چڕیوە، بەرهەمەكانی هەمە جۆرن و بۆ گشت بوارەكانی تایبەت بە ژیانی كوردان و خەباتیان گۆرانیی گوتووە، بەتایبەتی بۆ خەباتی ئافرەتی كورد لە مەیدانەكانی ژیاندا، كە بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی توانیویەتی چەندین بەرهەمی رازاوە پێشكەش بكات.

* كەی و چۆن دەستت بە گۆرانیگوتن كردووە؟
- هەر لە تەمەنی منداڵییەوە كە دەچووینە دەشت و دەر بۆ سەیران، باوكم گۆرانییەكانی هونەرمەند ناسر رەزازیی دەگوتەوە، منیش بەدوای ئەودا دەمگوتنەوە، بەڵام وەكو پیشەییبوونی زیاتر لە هەژدە ساڵییەوە دەستم پێكرد. باوكم خەونی ئەوە بوو لە پڕۆگرامێكدا كە خۆی گۆرانیی تێدا دەڵێت، پێكەوە گۆرانی بڵێین و بمناسێنێ، هەمیشە دەیگوت دەمەوێت بە كارێكی گەورە دەست بە كاری هونەری بكەیت، نەك بە كارێكی بچووك و دواتر لەبیر بچیتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی كۆچی دوایی باوكمەوە ئەو دەرفەتە نەگونجا.
* بە رای ئێوە كاركردن لەگەڵ گرووپ چۆنە؟
- كاركردن لەگەڵ گرووپی میوزیكی نەك تەنیا بۆ گۆرانیبێژ، بەڵكو بۆ ژەنیارەكانیش زۆر باشە، چونكە كاركردن لەگەڵ گرووپێكی میوزیكیدا ئەزموونێكی زیاتر بە گۆرانیبێژ دەبەخشێت، كە رەنگە بە تەنیا نەتواندرێت ئەو ئەزموونە كاركردنە بە كۆمەڵە ببیندرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەریەك لە ئەندامانی ئەم گرووپە بەتەنیا ئەزموونێكیان لە بوارەكەی خۆیاندا هەیە، دواجار ئەم ئەزموونە لە خزمەت گرووپەكەدا بەكار دێت و هەموو بەیەكەوە كارێكی جوان ئەنجام دەدەن، هەمیشە كاری گرووپی باشترە.
* بۆچی كەمتر لە گرووپدا دەردەكەویت؟
- لە كرماشان ئەو گرووپە نییە كە من بتوانم لەگەڵیاندا كار بكەم، مەگەر لە تاران بژیم، هەڵبەتە گرووپی زۆر باش هەیە، بەڵام من ئێستا لە كرماشان دەژیم و سەختە لەگەڵ گرووپێك لە دەرەوەی كرماشان كار بكەم، بۆیە من هەوڵم داوە بە تەنیا كار بكەم، بەڵام هەمیشە كاری گرووپیم پێ باشتر بووە.
* ئایا حەز دەكەی بە چ ستایلێك گۆرانی بڵێیت؟
- من لەو كەسانەم كە نامەوێت خۆم بە ستایلێكی تایبەتەوە ببەستمەوە، واتا حەزدەكەم بە هەموو ستایلەكان گۆرانی بڵێم.
* لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گۆرانی وستایل بە شێوازی نوێ، لە ئێستادا گەنجان روویان لە ستایلە نوێیەكان كردووە، را ئێوە چییە سەبارەت بەم بابەتە؟
- ئێستا بەشێكی زۆری گەنجەكانی رۆژهەڵات زیاتر گوێ لە گۆرانیی مۆدێرن دەگرن، حەزیان لەم ستایلە نوێیانە هەیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، كە ئیدی دەستیان لە میوزیك و گۆرانیی رەسەن هەڵگرتووە، چونكە میوزیك و گۆرانیی رەسەن سەروەتێكی نیشتمانییەو نابێت دەستبەرداری ببین، گۆرانیی رەسەن سیمبولی نەتەوەیەكە، گۆرانی رەسەن دەبێت بمێنێت و رێزی لێ بگیرێت، ئەمەش دەبێت لە رێگەی دەزگا راگەیاندنەكان و لایەنی پەیوەندار بە كولتوور و فەرهەنگ كاری لەسەر بكەن و گرنگیی زیاتری پێ بدەن.
* ئایا لە كاری هونەریدا هیچ پەیامێكی تایبەتت هەیە؟
- هەموو كارەكانی خۆم بە بیروباوەڕێكی بەهێزەوە پێشكەش دەكەم، هەموو هێزو توانای خۆم لە كارەكانمدا بەكار دەهێنم، بۆ ئەوەی بتوانم ئەو پەیامەی كە دەمەوێت بە گوێگران و هۆگرانی میوزیك و گۆرانیی كوردی بگەیەنم، هەمیشە دەمەوێت لە گۆرانییەكانمدا پەیامێكی مرۆڤایەتیم هەبێت، یەكەمین كارم لەسەر گیروگرفتەكانی ئافرەتان بوو لە كۆمەڵگەدا، بۆیە گۆرانییەكانی من هەموو پەیامدارن.
* ئایا هونەرمەندی كورد دەتوانێت بژێویی ژیانی لە رێگەی هونەرەوە پەیدا بكات؟
- بەداخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا هونەرمەند ناتوانێت بە هونەرەكەی بژێویی ژیان دابین بكات، بە پێچەوانەوە، هونەرمەندی كورد پارەیەكی یەكجار زۆر لە ئەلبوومێكی گۆرانی و كلیپەكانیدا خەرج دەكات، بەبێ ئەوەی هیچ داهاتێكی لە رێگەی ئەم ئەلبوومەوە بەدەست بگاتەوە، كەواتە پارەی بژێویی ژیانی خۆیشی لەسەر هونەرەكەی دادەنێت، من لەو باوەڕەدا نیم و زەحمەتە لە نێو كورددا كەسێك هەبێت بتوانێت بە هونەرەكەی ژیانی خۆی بەڕێوە بەرێت، بەداخەوە ئەمە تەنیا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا وایە و لە كۆمەڵگەكانی دیكەدا بەمشێوەیە نییە.
* تاچەند تەكنەلۆژیا لە نێو هونەر و میوزیك و گۆرانیی كوردیدا سوودی لێ وەرگیراوە؟
- تەكنەلۆژیا لە هەندێ كاری هونەرییدا بەكار هاتووە و سوودی لێ وەرگیراوە، ئێستا دەتواندرێت گۆرانییەكان بە شێوازێكی باشتر و بە كوالێتی زۆر بەرزەوە تۆمار بكرێن، میوزیكژەنەكان دەتوانن زۆر باش سوود لە تەكنەلۆژیای تۆماركردن وەربگرن، بەڵام لە هەندێك شوێندا زیانی بە هونەر و هونەرمەندان گەیاندووە، چونكە بەشێك لەو گەنجانەی دەنگیان خۆش نییە، لە رێگەی تەكنەلۆژیاوە دەستكاریی دەنگیان دەكرێت و ئەداو كاری دیكەی پێ دەكەن، ئەمەش دواجار گۆرانیبێژان تەمبەڵ دەكات و زیاتر پشت بە دەزگا و تەكنەلۆژیا دەبەستێن.
Top